نووسەرێکی کورد: دەبێ هەدەپە گوێ بە گوشارەکانی قەندیل نەدات

 نووسەرێکی کورد: دەبێ هەدەپە گوێ بە گوشارەکانی قەندیل نەدات
نووسەر و بیرمەندێکی ناوداری رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیەنێت، کە دەبێ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) گوێ بە گوشارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نەدات و هەوڵی ئاشتەوایی لە باکووری کوردستان بدات.



هۆشەنگ ئۆسی، نووسەر و بیرمەندی رۆژئاوای کوردستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) پێی وایە ئەگەر هەدەپە حوکمڕانی تورکیا بووایە و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە دەرەوەی دەسەڵات بووایە و ئەو هەموو گوشارەی بخرابووایەتە سەر، ئاکەپە ئەوەی بەدەست نەدەهێنا، کە هەیەتی.



هۆشەنگ ئۆسی هەروەها رایگەیاندووە، گرنگترین وانە لەو هەڵبژاردنەی تورکیا، کە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئاکەپە پێی بگات ئەوەیە، کە ناتوانێ کورد لەرەگەوە هەڵکێشێ و هەروەک ئەوانەی پێش ئەردۆغانیش، بۆ ئەویش مەحاڵە کورد لە چیاکان جودابێتەوە.



ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەدەپە بە دەنگی کوردان ئەو سەرکەوتنەی سادەیەی بەدەست هێناوە نەک چەپڕەوە تورکەکان و دەبێ ئەو حزبەش پەند لەوە وەربگرێ، کە کورد دەنگی پێداوە نەک چەپڕەوە تورکەکان.



هۆشەنگ ئۆسی بە پێویستی دەزانێ هەدەپە بیر لەو هۆکارانە بکاتەوە، کە بوونە هۆی ئەو سەرکەوتنە بێ هێزە و چیتر بەهانە نەهێنێتەوە و بەدواداچوونی بۆ بکات.



ئەو نووسەرەی رۆژئاوای کوردستان داوا لە سەرکردایەتیی هەدەپەش دەکات، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و دوور لە دەستنووس و گوشارەکانی جەمیل بایکی و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە لە قەندیل، هەوڵی بەرقەرارکردنی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا بدات.



رۆژی 24/6/2018، هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەڕێوە چوو. کە تێیدا رەجەب تەییب ئەردۆغان پلەی یەکەمی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی بە دەست هێنا و بۆ پەرلەمانیش، هەدەپە لە دوای ئاکەپە و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پلەی سێیەمی لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکەی بە دەست هێنا.



باسنيوز
Top