نووری حەمە عەلی: چۆن پاساو دەهێننەوە.. پێشمەرگە تەنیا بەرگری لە لایەنێك نەكردووە

 	 نووری حەمە عەلی: چۆن پاساو دەهێننەوە.. پێشمەرگە تەنیا بەرگری لە لایەنێك نەكردووە
"كاتێ هەواڵی هەوڵی هەندێ لایەنمان بیست بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەنگەكانمان، وام هەست دەكرد ئەو سێ ساڵەی لە بەرەكانی جەنگدا دژ بە تیرۆریستانی داعش جەنگاوم، بە زایە رۆییشت". ئەمە قسەی دیلان جەمیلە كە پێشمەرگەیە، وەك خۆی هێمای بۆ كرد، لە بەشێك لە شەڕە سەختەكانی دژ بە داعش بەشدار بووە و چەنیدن جاریش لە مەرگ گەڕاوەتەوە. ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتییش رایدەگەیێنێت، هەوڵی ئەو لایەنانە بۆ سووتاندنی دەنگەكانی پێشمەرگە، مایەپووچ بوو و ئێستایش لەو كارەیان پەشیمانن.

دوای ئەوەی چەند لایەنێك لە رێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشەمەرگە و هێزە تایبەتەكانی هەرێمی كوردستانیان دا، دیلانی پێشمەرگە بە سەرسامییەوە هێمای بۆ ئەوە كرد: "هەژمارنەكردنی دەنگی پێشمەرگەی كوردستان، پێشێلكردنی مافی ئێمەیە و شكاندنی شكۆمانە، لەبەر ئەوەی هەر پێشمەرگە بوو خاكی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشی لە تیرۆریستانی داعش پاراست".

پێنجشەممەی رابردوو، دادگای فیدراڵی وەڵامی چەند سكاڵایەكی تایبەت بە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دایەوە، كە لەناو سكاڵاكانیشدا وەڵامی سكاڵایەكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بەوەی كە داوای كردبوو دەنگی تایبەت و پێشمەرگە هەژمار بكرێن، چونكە بە پێی یاسا ئەوەی لە هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری لەسەر درابوو بەوەی دەنگەكان هەژمار نەكرێن، نایاساییە و ئەوان دەسەڵاتی وەها بڕیاردانێكیان نییە.

دیلانی پێشمەرگە، نایشارێتەوە كە هەمیشە ئومێدی بە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی هەبووە بۆ هەژماركردنی دەنگەكانی پێشمەرگە و رەتكردنەوەی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی نوێنەران، كە چەندین جار گوتوویەتی، هەژمارنەكردنی دەنگی تایبەت و پێشمەرگە جێی قبووڵكردن نییە، دەشڵێ كە ئێستا بۆ هەموو نەیارانی پێشمەرگە دەركەوت هەتا بارزانی پشت و پەنای پێشمەرگە و كوردستان بێت، مەرامی نەیارانمان نایەتە دی.

نووری حەمە عەلی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "هەمیشە ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردندا دەدۆڕێن، سكاڵا تۆمار دەكەن و هەوڵی جۆراوجۆر دەدەن، بەڵام ئەوەی نائاسایی بوو، هەوڵی هەندێ لایەنی ناوخۆیی بوو بۆ سووتاندن و هەژمارنەكردنی دەنگی هێزە تایبەتەكان بە ئاساییش و پێشمەرگەوە! لە كاتێكدا ئەو هێزانە بێ جیاوازیی ئایدۆلۆژیای حیزبی، یان ئاینی، بەرگرییان لەم هەرێمە كردووە".

بە سەرسووڕمانیشەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، چۆن لایەنێكی كوردی توانی وەها هەوڵێك بۆ سووتاندنی دەنگی هێزێك بدات، كە بە رۆح بەرگری لەم هەرێمە كردووە. نموونەیشی بە هەوڵ و لێدوانەكانی سەرۆك بارزانی هێنایەوە و گوتی: "هەر وەك جەنابی سەرۆك فەرمووی، بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین دەنگی هێزە تایبەتەكان هەژمار نەكرێن، دەكرا ئەو لایەنانەش هەمان هەڵوێستیان هەبووایە، چونكە كاتێ پێشمەرگە لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی دژ بە تیرۆریستان بەرگری كردووە، تەنیا لە لایەنێكی نەكردووە، بەڵكوو لە خاك و نیشتیمانی بە سەرجەم پێكهاتەكانییەوە كردووە و هەزاران پێشمەرگەیش لەو پێناوەدا گیانیان كردووەتە قوربانی، بە چ پێوەرێك ئەو لایەنانە ئەو هەوڵەیان داوە".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی، هێماشی بۆ هەوڵی ئەو لایەنانە كرد بۆ هەژمارنەكردنی دەنگی ئاوارەكانیش، وەك خۆی باسی كرد، ناكرێ ئەوان ئاوارە بووبن و لە ژێر خێمەدا بژین و زێدی خۆیان جێ هێشتبێت و دەنگیشیان هەژمار نەكرێت، واتە ئەوان بۆیان نییە لەم وڵاتەدا هیچ بڕیارێكیان هەبێت و لە رێی دەنگدانەوە چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، كە ئەوەش دوو جار زوڵمە لەو هاونیشتمانیانە، كە بە داخەوە ئەو لایەنانە لە كاتی بڕیاردان و هەوڵەكانیان ورد بیریان نەكردووەتەوە، ئەگەرنا ئەو جۆرە هەوڵانەیان نەدەدا.

حەمە عەلی ئاماژەی بەوەش دا كە، ئەو لایەنانە لە ئێستادا و دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە هەژماركردنی دەنگی هێزە تایبەتەكان و ئاوارەكان، ئێستا پەشیمانن لەو كارانەیان و لە رێی دەزگا راگەیاندنەكانی خۆیانەوە بیانوویان بۆ ئەو هەوڵە شكستخواردووانەیان هێناوەتەوە. پێشی سەیر بوو چۆن ئەو لایەنانە دەسیان چووەتە ئەو كارە كە وەها هەوڵێك بدەن، گوتیشی: "بەڵام دوای ئەوەی هەوڵەكانیان سەری نەگرت، لێرە و لەوێ پاساو بۆ ئەو هەوڵە شكستخواردووەیان دەهێننەوە، ئەم جۆرە لایەنانە، تەنیا بۆ سەرخستنی هەژموونی ئەو لایەنانە دروست بوون كە دژی كورد و كوردستانن".


kdp-
Top