راگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
دەقی راگەیاندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:
بە پێی ئامارەکان ماوەیێکە رێژەی تاوان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و ئەوەش بووەتە جێگەی نیگەرانیی هاووڵاتیانمان.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری و هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەوانەش وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە و لێژنەی ئەمنیی پارێزگاکان و گشت دامەزراوەکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم، دەستی بە جێبەجێ کردنی رێکارە پێویستەکان کردووە بۆ ئەوەی بە توندی ڕووبەڕووی سەرپێچیکەران و تاوانباران ببنەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هەموو ئەو لایەن و کەسانەی کە بە داڵدەدانی تاوانباران یاخود دەستوەردان لە ڕێرهوی یاسا زەمینە بۆ پەرەسەندنی تاوان و دیاردەی دزێو خۆش دەکەن . داوا لە هەموو لایەکیش دەکەین هاوکار بن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە نموونەی ئارامی و سەقامگیری بێت و هاووڵاتیانی خۆشەویستیش دڵنیا دەکەینەوە کە رێگە نادەین ئاسایشی هەرێم و ئارامیی ژیانیان بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندی یان کەمتەرخەمیی هیچ کەس و لایەنێک.
زۆر بە وردی بەدواداچوونی هەموو ئەو رێکارانەش دەکەین کە لەم ماوەیەدا بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردە دزێوانە دەگیرێنە بەر. هیوادارین هاوڵاتیانی خۆشەویستمان لەم پێناوەدا وەک هەمیشە هاوکاری دامودەزگاکانمان بن.
kdp-
