دلاوەر ئاژگەیی: یەکێتیی ئەورووپا بە پەراوێزخستنی کورد لە حکوومەتی نوێی عێراق ڕازی نییە

 دلاوەر ئاژگەیی: یەکێتیی ئەورووپا بە پەراوێزخستنی کورد لە حکوومەتی نوێی عێراق ڕازی نییە
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ئاشکرای کرد، کە یەکێتیی ئەورووپا بە پەراوێزخستنی کورد لە حکوومەتی نوێی عێراقدا ڕازی نییە.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "تا ئێستا هیچ لێدوانێک لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق نەدراوە، بەڵام پێشتر لێدوانیان داوە کە لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدان، هەروەها وڵاتانی ئەورووپا بەگشتی و یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ جێبەجێکردنی خاڵەکانی دەستوورن، لەلایەکی دیکەوە پشتگیری لەو هەڵوێستە ناکەن کە کورد پشتگوێ بخرێت و بەشدارییەکی کارای لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا پێ نەکرێ، ئەو هەڵوێستەشیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەمە دەبێتە کلیلی چارەسەر و گەڕانەوەی ئارامی سیاسی و ئەمنی بۆ عێراق و هەم بۆ کورد و هەم بۆ سوننەش".

ئاژگەیی گوتیشی: "پەراوێزخستنی کورد لە حکوومەتی عێراقدا پێچەوانەی دەستوورە، بۆیە نەک یەکێتیی ئەورووپا، بەڵکوو زۆربەی وڵاتانی ئەورووپاش ئەوەیان پێ قبووڵ نییە و فشار دەخەنە سەر بەغدا و لێی بێدەنگ نابن، چەند جارێکیش ئەم لێدوانانەیان داوە، بەتایبەت وڵاتە گرنگەکان کە ئەندامن لە یەکێتیی ئەورووپا و ڕۆڵی گرنگ و کارایان هەیە، ئەگەر سەیری ستراتیجیی یەکێتیی ئەورووپاش بکەین، بۆ سێ ساڵی ئایندە لە دوو پەرەگرافدا باسی هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت دەکاتەوە، کە دەبێ هەرێمی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا هەبێت".

نوێنەری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، ڕوونیشی کردەوە، کە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە نزیکەی ٩٣٪ی خەڵکی کوردستان دەنگیان بە (بەڵێ) پێ دا، کە لەگەڵ عێراق نامێننەوە، ئەوە دەرخەری ئەوەیە کە کێشەیەک لە نێوان خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە و چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی داهاتووەوە چەند پێشڤەچوونێکی دیکە لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەورووپا بێننە پێش".










باسنیوز
Top