سەرکردەیەکی عێراق: بە پشتیوانیی ئەمریکا داعش چەند شارێکی عێراق داگیر دەکاتەوە

 سەرکردەیەکی عێراق: بە پشتیوانیی ئەمریکا داعش چەند شارێکی عێراق داگیر دەکاتەوە
سەرکردەیەکی عێراقی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە سیاسەتی خۆی لە دژایەتیکردنەوە بۆ پشتیوانیکردنی داعش گۆڕیوە و ڕێگە دەدات چەند شارێکی عێراق لەلایەن ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەوە داگیر بکرێت.

باقر جەبر زوبەیدی، یەکێک لە سەرکردەکانی پێکھاتەی شیعەی عێراق لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، رووسیا و تورکیا لە سووریا بوونە ھۆی کۆکردنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە پارێزگاکانی ئیدلیب و جەڕابلوس.

باقر جەبر زوبەیدی پێی وایە ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما کاری لەسەر دروستکردنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کردووە، بەڵام ئیدارەی ئێستا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ ئەو ھەنگاوەی راگرت و لەبەرامبەردا پاڵپشتیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان، لە سووریا کرد.

ئەو سەرکردە عێراقییە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دروستبوونی ناکۆکی و ململانێی نێوان تورکیا و ئەمریکا لە سووریا، بووە ھۆی ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پاشگەزبێتەوە لە دژایەتیکردنی داعش و بەرەی نوسرەی باڵی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە لە سووریا.

باقر جەبر زوبەیدی مانەوەی چەکدارانی داعش، بەرەی نوسرە و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە باشووری سووریا بە پلانێکی ئەمریکا و ئیسرائیل دادەنێت بۆ ژیاندنەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە و رایگەیاندووە، ”٢٥٠٠ برینداری داعش لە نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل چارەسەر کراون“.

زوبەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل چەکدارانی داعش لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا جێگیر دەکەنەوە و بۆردومانکردنی چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی عێراقیش لە سووریا لەلایەن ئەمریکاوە، بە بەشێک لە پلانەکەی ئەو دوو دەوڵەتە دادەنێت.

لەبارەی ھۆکاری دروستکردنەوەی داعش لە عێراق، باقر جەبر زوبەیدی پێی وایە ئەمریکا رێگا بۆ داعش خۆش دەکات پارێزگاکانی رۆژئاوای عێراق داگر بکاتەوە، تاوەکو داعش وەک کارتێکی گوشار دژی ئەو دەنگانە بەکار بھێنێت، کە داوای نەھێشتنی پێنج بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە عێراق دەکەن.

بە گوتەی ئەو سەرکردەیەی عێراق، ئەمریکا بۆ رووپۆشکردنی پلانەکانی لەبارەی رۆژھەڵاتی ناوەراست، داوای ھاوکاریی لە ئیسرائیل کردووە و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبیش پاڵپشتی دەکەن.

باقر جەبر زوبەیدی بە دووری نازانێ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ناوەوەی عێراق بۆردومان بکەن بۆ ئەوەی رێگا بۆ داعش خۆش بکەن تاوەکو بگەنە نزیک بەغدا.

زوبەیدی بە پێویستی دەزانێ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی بیر لەو پلانانە بکەنەوە و رێگری لە سەرھەڵدانەوەی داعش بکەن، کە نیشانەکانی سەرھەڵدانەوەی لە مووسڵ، سامەڕا، ئەنبار و دەوروبەری بەغدا دەرکەوتوون.
Top