گۆڕان هۆشداری لە مەترسییەکی گەورەی تیرۆریستان بۆ سەر کەرکووک دەدا

 گۆڕان هۆشداری لە مەترسییەکی گەورەی تیرۆریستان بۆ سەر کەرکووک دەدا
بەرپرسێکی کورد لە کەرکووک ئاشکرای دەکات، چەکدارانی داعش لە دەوروبەری شاری کەرکووک جموجۆڵیان ھەیە و خەڵکی ئەو سنوورە چەکدارەکانی داعشیان بینیوە. گوتیشی: ”ئەگەر ھێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە بۆ شاری کەرکووک، ”داعش مەترسی بۆ شارەکە درووست دەکات“.

محەمەد نەسرەدین، بەرپرسی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە کەرکوک ڕایگەیاند، ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە دەوروربەری شاری کەرکووک جموجۆڵیان ھەیە و خەڵکی ناوچەکە چەکدارانی داعش دەبینن، بەڵام ”تائێستا لەناو شاری کەرکووکدا ھیچ چەکدارێکی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە نەبینراوە و پێگەیان لەناو شارەکەدا نییە“.

ڕوونیشی کردەوە: ”ئەو جموجۆڵەی ئێستای داعش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ دۆخی ئەمنیی کەرکووک، بەڵام پێویستە ئێمە کارێک بکەین بۆ پاراستنی شارەکە، ھەر چۆن بووە بە ھەماھەنگی یان بە چاودێریی ئەمریکییەکان بێت، جارێکی دیکە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە شاری کەرکووک“.

بە گوتەی ناوبراو، بەهۆی ململانێی لایەنە کوردستانییەکانەوە، نەتواندراوە لەبارەی کێشەکانەوە گفتوگۆ بکرێت، یان ”بیرمان لەوە نەکردووەتەوە کە کەرکووک لە بەردەم مەترسیدایە و پێویستە ئێمە واز لە ناوکۆکییەکان بھێنین، بۆ ئەوەی بیر لە دۆخی ئەمنیی شاری کەرکووک بکەینەوە“.

محەمەد نەسرەدین نەیشاردەوە کە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناو شاری کەرکووک، ”کارێکی باشە“، چونکە ”ھەموو پێکھاتەکان دەزانن پێشمەرگە بەبێ جیاوازی پارێزگاری لە هاووڵاتییانی کەرکووک کردووە، بەڵام ئێستا ھەموو ململانێکان لە ھەڵبژاردنەکاندا چڕبووەتەوە، ئەوەی جێگەی مەترسیشە ئەوەیە کە ئێمە ئەو پرسە گرنگانە لە بیر دەکەین، کاتێکیش بیرمان دەکەوێتەوە، زەرەری گەورەمان کردووە“.











باسنیوز
Top