هەڵسووڕاوێکی گۆڕان کە چاودێری هەڵبژاردنی تورکیایە ستایشی ئەو وڵاتە دەکا
عەلی فەتاح، هەڵسووڕاوی گۆڕان کە لە تورکیا چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات، ڕایگەیاند کە ئەو وەک خۆی بۆ چاودێریکردنەکە چووە و پەیوەندی بە لایەنە سیاسییەکەیەوە نییە. ڕوونیشی کردەوە: ”لە نێو تورکیا بەریەککەوتنی چڕ ھەیە بۆ نموونە لەنێوان کورد و تورک یان عەرەب و تورک و ئەرمەنی و تورک یان لە نێوان قوبرس و تورکیا یان ئەو کێشانەی لەنێوان خودی تورکەکان ھەن لەنێوان تورکە میانڕەوەکان و ڕەگەزپەرستەکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ھەموو بەریەککەوتنە، بابەتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا زۆر ھێمنانە بەڕێوەدەچێت، بەتایبەتی لە ئاستی خوارەوە یەکترقبوڵکردنێکی باش ھەیە“.
ئەو پێیوایە کە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی تورکیا تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ ھەڵمەتی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان و گوتی: "لە زۆر شوێن کۆبوونەوەی جەماوەریی قەوارەکان زۆر لێک نزیکن و شانیان بەر شانی یەک دەکەوێ، بەڵام ھیچ گرژی و ئاڵۆزییەک ڕوونادات، لە تورکیا لە ئاستی سەرەوە ململانێکان چڕن، بەڵام لە ئاستی خوارەوە زۆر ھێمنانە بەڕێوە دەچێت".
ڕوونیشی کردەوە، لە ئاستی سەرەوە سەرجەم حزبەکان لەسەر بنەما و چوارچێوەی یاسا ھەڵمەتی ھەڵبژاردن دەکەن و کار و کێبڕکێی بردنەوە دەکەن، ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکان سەبارەت بە ململانێی و بەریەککەوتنەکان ھەندێ زانیاری بڵاوبووەتەوە، ”ئەوانە ھیچیان ڕاست نین“.
سەبارەت بە ڕەوشی ئێستا ئاکپارتی و کاریگەریی چڕکردنەوەی بۆردومانی بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەندیل، ئەو گۆڕانخوازە پێیوایە، ”کاریگەری نەرێنی نابێ بۆ سەر ئاکپارتی، بمانەوێ و نەمانەوێ کاتێک کە بیر لەوە دەکەینەوە کە یەکێک لە گەورەترین حزبە کوردییەکان (ھەدەپە) ھەمووان تەمەنای ئەوە دەکەین زۆترین دەنگ بەدەست بھێنێت، ئەگەر ئەو ئۆپەراسیۆنانەی سوپای تورکیاش نەبن لە ڕابردوودا لە باشترین حاڵەتدا رێژەی دەنگەکانی لە %١٠ تێپەڕی نەکردووە و نەگەیشتووەتە لە %١١، پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ لە %١١ تورکیا کوردن؟".
ئەو چاودێرەی سیاسییەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئاکپارتی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کوردە دیندارەکانی تورکیا ھەبووە و بەوھۆیەوە لە ناوچە کوردستانییەکان لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو رێژەیەکی بەرزی دەنگی بەدەستھێناوە.
باسنیوز
