پێشمەرگەیەكی رۆژھەڵاتی كوردستان شەھیدبوو

پێشمەرگەیەكی رۆژھەڵاتی كوردستان شەھیدبوو
شەڕوپێكدادان لەنێوان ھێزەكانی پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) و پاسدارانی ئێران، لە ناوچەی پیرانشار روویداو و حدكا رایدەگەیەنێت، پێشمەرگەیەكی ئەوان شەھیدبووەو ژمارەیەك پاسداریش كوژراون.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای دەكات: "شەوی رابردوو دەستەیەك لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لە حاڵی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان بوون، لە شاخەکانی پشتی زیوە و کۆنە لاجانی سەر بە پیرانشار لە لایەن هێزە دژی گەلیەکانی رێژیمەوە دەکەونە بەر دەسرێژی چەك و پەلاماری هێزی رژێمی دژە گەلی کۆماری ئیسلامی، پاش شەڕ و پێکدادانێکی زۆر و ئاگربارانی تۆپخانەکانی رێژیم لەو شوێنە، دوژمن بە کوژراو و بریندارێکی زۆرەوە تێکشکا، لەو پێوەندییەدا رژێم کوژراوێکی خۆی بە ناوی ستوان دوو محەمەد هاشمی و بریندارێك بە ناوی کسری عبدالعلیزادە راگەیاندووە. پاش کۆتایی شەڕەکە پێشمەرگەکان درێژەیان بە تێکۆشانی خۆیاندا. لەو شەڕەدا بەداخ و کەسەرێکی گرانەوە پێشمەرگەی ئازا و چاونەترس هاوڕێ سامان حەسەن پوور، ناسراو بە سامان شێوەسەڵی شەهید و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی راسان بوو".

بەپێی راگەیەندراوی حدكا: "ئەو پێشمەرگەیە بەناوی هاوڕێ سامان حەسەن‌ پوور، کوڕی محەممەد لە ساڵی 1367ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لە شاری سەردەشت لە دایکبووە، لە تەمەنی 7 ساڵیدا دەست بە خوێندن دەکات و هەتا ساڵی 1388 بڕوانامەی دیپلۆم وەردەگرێ. ناوبراو هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە هۆگری کوردایەتی و نیشتمانپەروەری دەبێت، لە ساڵی 1385ی هەتاوی بە هۆی بەستنی پشتوێنی ئاڵای کوردستان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشتەوە دەگیردرێت و ماوەی 7 مانگ زیندانی بۆ دەبڕدرێتەوە، هەتا ئەوەی لە ساڵی 1395ی هەتاوی پەیوەست بە ریزی پێشمەرگەکانی کوردستان دەبێ. هاوڕی سامان بە هۆی لێهاتووی و ئازایەتی پلەکانی بەرپرسایەتی نیزامی تێپەڕاند و لە سازماندەیی نوێ‌دا بوو بە فەرماندەی یەکێك لە لقەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان".





K24
Top