شاخەوان عەبدوڵا: گومان دەکرێ ھێزە عێراقییەکان لەگەڵ تیرۆریستان دەستیان تێکەڵ کردبێ
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەدات، کە گومانی تێوەگلانی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئەنجامدانی ھێرشی تیرۆریستانبۆ سەر ناوچەکانی دەروبەری کەرکووک ھەیە، دەشڵێت ”ئەم دۆخە بە ئاسانی تێناپەڕێت“.
شاخەوان عەبدولڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند: ”ھیچ خەمخۆرییەک لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ پاراستنی ھاووڵاتیانی کورد لەناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک بوونی نییە، بە پێچەوانەوە رەنگە پێیان خۆش بێت ھاووڵاتییانی کورد تیرۆر بکرێن“.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە، ئەوەشی خستە روو، کە ئەوەی ئێستا لە گوندەکانی سەر بە کەرکووک و خانەقین دەگوزەرێت، جێگەی قبوڵکردن نییە، گومانی تێوەگلانی حکوومەت لە خۆشکردنی رێگە بۆ باند و تاقمە تیرۆریستییەکان دەکرێت، تاکو بگەنەوە گوندەکان و کوردەکان لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەربکەن، ناکرێت لایەنێک میلیشیا و چەکی ھەبێت، لایەنێکێکی دیکەش لەناوچەکە دەرکرا بێت“.
ئاشکراشی کرد، کە لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەو پرسە تاوتوێکراوە و بە روونی پێیان گوتراوە کە دەبێت پێشمەرگە بگەڕێتە بۆ ناوچەکانی پێش ٢٠١٤ و ھەماھەنگی دروست بکرێت، دەشڵێت: "ئەگەر ئەوە نەکرێت، دەبێت پێیان بوگوترێت کە ژیانی ئەفسەر و کارمەندەکانیان ئارام نابێت".
سەبارەت بە ھەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەکە، شاخەوان عەبدولڵا، ئاماژەی بەوەش دا، کە کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا کراوە، ھاوکات وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەردانەکانی بۆ بەغدا، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو ناوچانە بووە.
bas news-
