ئەنجوومەنی شارۆچكەی شنگال: دەگەڕێینەوە شنگال
لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر، ئیدارەی شەرعی لە شنگال نەماوە، كە لە سنووری دهۆك دەوامی خۆیان دەكەن و چەندین جاریش بەڵێن بە ئیدارەكە دراوە بگەڕێنەوە بۆ شنگال و پارێزگارییان لێ دەكەن و كێشەیان بۆ دروست ناكەن، بەڵام تا ئێستا بۆیان جێبەجێ نەكراوە.
وەیس نایف، سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دۆخی شنگال زۆر خراپە و تا ئێستا هێزە عێراقییەكان رێگە بە كردنەوەی رێگای شنگال نادەن و داخراوە، بەڵام بەرنامەیەكمان هەیە كە لەم رۆژانەدا بگەڕێینەوە بۆ شنگال ئەگەر گرفتی دیكەمان بۆ دروست نەكەن، حكوومەتی عێراقیش بەڵێنی داوە كێشەمان بۆ دروست نەكەن و پاسەوانیشمان بۆ دابین دەكەن، بۆیە ئێمەیش چاوەڕێی فەرمان دەكەین و هەر كاتێك فەرمانمان پێ كرا، دەگەرێنەوە شنگال".
وەك نایف گوتی: "ئەمەریكا سەردانی شنگالی كردووە و بنكە سەربازییە كۆنەكەی خۆی لەسەر چیای شنگال بەسەر كردووەتەوە و باس لەوە دەكرێت كە نۆژەن دەكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەمە یەكلا نەبووەتەوە، وەلێ ئەگەر ئەمەریكا بێتە ناوچەكە، ئەمنییەت بە تەواوی دەگەڕێتەوە بۆ شنگال، چونكە ترسی خەڵكی ئێمە لە حەشدی شەعبی و پەكەكەیە و، ئەگەر ئەمەریكایش بێت دژی ئەو دوو هێزەیە، كە بەمەیش ناتوانن هیچ شتێك بەرانبەر بە خەڵكی شنگال بكەن".
kdp-
