ئەگەر هەیە کورسییەکی پارتی لە پارێزگای نەینەوا زیاد بکات

 ئەگەر هەیە کورسییەکی پارتی لە پارێزگای نەینەوا زیاد بکات
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە هاوکات بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی حزبەکەشە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر سندووقەکانی ئاوارەکانی شنگال و زومار و دەوروبەری مووسڵ بژمێردرێنەوە، کورسییەکی پارتی لە پارێزگای نەینەوا زیاد دەکات.

خەسرەو گۆران، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند: ”جارێ نازانین ڕێکارەکانی ژماردنەوەی دەنگەکان چۆن دەبن لە بەغدا، ئایا هەموو دەنگەکان دەژمێردرێنەوە یان پێنج لە سەدا دەژمێردرێنەوە یان تەنیا ئەو سندووقانە دەژمێردرێنەوە کە تانەی لێ دراوە، هیچ بەرچاوڕوونییەکمان نییە، بۆیە ناتوانین جارێ هیچی یەکلاکەرەوە بڵێین“.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەو سندووقانەی مووسڵ کە نەژمێردراون، بەتایبەتیش سندووقی ئاوارەکانی خەڵکی شنگال و زومار و دەوروبەری مووسڵ، ئەگەر بژمێردرێنەوە، ”حەتمەن کورسییەکی پارتی لە مووسڵ زیاد دەکات“.

لەبارەی ئەگەری زیادبوونی کورسیی پارتی لە پارێزگای سلێمانی، خەسرەو گۆران گوتى: ”وەک گوتم نازانین ڕێکارەکانی ژماردنەوەکە چۆن دەبێ، ئایا هەمووی یان بەشێک یان چەندی لێ دەژمێردرێتەوە؟ بۆیە جارێ زووە بڵێین ژمارەی کورسییەکانمان لە سلێمانی زیاد دەکات“.











باسنيوز
Top