کۆمسیۆن دەست پێ کردنی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە هەولێر ڕەت دەکاتەوە
رۆژی شەممە 23/6/2018، بەشێک لە میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، کە پرۆسەی جیاکردنەوە و ھەژمارکردنەوەی دەنگەکان بەدەست، لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە.
عەلی قادر، سەرۆکی لقی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رايگەیاند، تا ئێستا ژماردنەوەی دەنگەکان لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێ نەکردووە، تەنیا رێکارەکانی پرۆسەکە دەستی پێ کردووە.
عەلی قادر ھەروەھا رایگەیاند، ژماردنەوەی دەنگەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەدەست، لە یەک کاتدا دەست پێ دەکات و تا ئێستاش دیار نییە کەی دەست پێ دەکات؟
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە ھەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و ھەرێمی کوردستان ئەنجام درا.
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، بەشێک لە لایەنە سیاسییە عێراقی و کوردستانییەکان ئەنجامەکانیان رەت کردەوە و رایانگەیاند، کە ساختەکارییەکی زۆر لە ژماردنی دەنگەکان بەشێوازی ئەلیکترۆنی کراوە و داوایان کرد دەنگەکان بە دەست ھەژمار بکرێنەوە.
رۆژی 6/6/2018، پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە و یاسای ھەڵبژاردنی ھەموار کردەوە و بڕیاری دا دەنگەکانی عێراق بەدەست ھەژمار بکرێنەوە.
لە دانیشتنەکەدا، پەرلەمانتارانی گۆڕان پێشنیازی رەتکردنەوە و ھەژمارنەکردنی دەنگی تایبەت (دەنگی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان)یان لە ھەرێمی کوردستان کرد و پەرلەمانیش کردییە یاسا.
باسنيوز
