چەند لایەنێک دوو سیاسەتی جیاواز لە ھەولێر و بەغدا پەیڕەو دەکەن
نیعمەت عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان رايگەیاند، دەستووری عێراق بەھیچ شێوەیەک باسی درێکردنەوەی ماوەی یاسایی پەرلەمانی نەکردووە، "ماوەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنیا چوار ساڵە".
نیعمەت عەبدوڵڵا ھەروەھا رایگەیاند، وادەی یاسایی پەرلەمان لە یەکەم کۆبوونەوە تا دوا کۆبوونەوەی خول دەست پێ دەکات و بە یاساش ناتواندرێ ئەو ماوە یاساییە درێژ بکرێتەوە.
سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمان پێویستە لەکاتێکدا بێت، کە وڵات بە دۆخێکی قورسدا تێپەڕێت، لەو کاتەی نەتوانرێت ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ناکرێت تەنیا لەبەر کێشەی سیاسی وادەی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە.
نیعمەت عەبدوڵڵا پێیوایە ھەوڵی بەشێک لە پەرلەمانتارانی لایەنە کوردستانییەکان بۆ درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمانی عێراق پێچەوانەی سیاسەتی کارکردنی ئەو حزبانەیە لە ھەرێمی کوردستان، ”ئەو لایەنانە سەیری بەرژەوەندیی خۆیان دەکەن و لە کوردستان بەجۆرێک سیاسەت دەکەن و لە عێراقیش بەجۆرێکی دیکە“.
سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان ئاماژەی بە درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگەیاند، چەند لایەنێک لە ھەریمی کوردستان بەرژەوەندییان لەوەدا بوو ماوەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان درێژ نەکرێتەوە و ھەزار بیانوویان بۆ ئەمە دەھێنایەوە، لەعێراقیش بەرژەوەندییان لەگەڵ ئەوەیە درێژ بکرێتەوە و ھەزار بیانوو دەھێننەوە، "لە ھەولێر سیاسەتێک دەکەن و لە بەغدا پێچەوانەکەی ".
باسنيوز
