نووسەرێكی رووسی: ئەمریكا قەبری بۆ كوردی رۆژئاڤا هەڵكەند

نووسەرێكی رووسی: ئەمریكا قەبری بۆ كوردی رۆژئاڤا هەڵكەند



ئەمڕۆ پێنجشەممە نووسەرێكی ناوداری رووسیا ئاشكرای كرد رۆژئاڤا گرەوەكەیان دۆڕاند كە پشتیان بەئەمریكا بەستبوو، لەوەش خراپتر ئەمریكا خۆی گۆڕی بۆ كوردی رۆژئاڤا هەڵكەند. تۆڕی هەواڵی (رووسیا تودەی)ش لە راپۆرتێكدا نووسیویەتی پرۆژەی كوردستانی رۆژئاوا لەناوچوو، كورد لە رۆژئاوای فورات دەكشێنەوە.


پێشڤەچوونەكانی ئەم دواییەی دۆخی سیاسیی رۆژئاوای كوردستان پێچەوانەی ئارەزووی كوردان دەگوزەرێ، بەجۆرێك رۆژئاوا بووە قوربانی ململانێكانی رووسیا و ئەمریكا، بەتایبەتیش لە شەڕی لەدەستدانی عەفرین و ڕێكەوتنی ئەم دواییەی ئەمریكا و توركیا لەسەر رادەستكردنی مەنبەج بەئەنقەرە و دەركردنی هێزە كوردییەكان.


بۆریس گێرلیڤسكی نووسەری ناوداری رووسیا وتارێكی لە رۆژنامەی (ڤۆینێ ئۆبزرێنیا)ی رووسی بەناونیشانی (كوردستانی رۆژئاوا نایەتەدی... ئەمریكا گۆڕهەڵكەنی قەبری رۆژئاوایە) بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی كورد لەو گرەوەی لەسەر ئەمریكا كردبووی، دۆڕاندی، ئەمریكا جارێكی تریش ناپاكی لە كورد كرد، ئەمریكا كوردانی رۆژئاوای لە هێزی ئازادیخوازەوە گۆڕی بەمیلیشیای بەكرێگیراو.


گێرلیڤسكی نووسیویەتی كوردی رۆژئاوا گرەوەكەیان لەسەر ئەمریكا بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بوو، بەڵام ئەمریكا گرەوی لەسەر كوردی رۆژئاوا كردبوو بۆ ئەوەی بیانكاتە كارتی گوشار بەسەر توركیاوە، بەڵام لە راستیدا پێچەوانەكەی هاتەدی.


لای خۆیەوە تۆڕی (رووسیا تودەی) بەدواداچوونێكی بۆ دۆخی رۆژئاڤا لە راپۆرتێكدا خستووەتەڕوو، تیایدا ئاماژەی بەراپۆرتێكی رۆژنامەی "ئۆراسیا دەیلی" كردووە و نووسیویەتی توركیا شەڕەكەی بردەوە و توانی تەنگ بەرۆژئاڤا هەڵبچنێ و خەونەكەیان بۆ سەربەخۆیی لە باكووری سووریا لەبار بەرێت.


هەروەها تیایدا هاتووە "رۆژ بەڕۆژ سنوورەكانی رۆژئاڤا بەرتەسك دەبێتەوە و توركیا سەركەوتنی زیاتریان بەسەردا تۆمار دەكات، لەلایەكی دیكەشەوە كێشەی مەنبەجیش لە بەرژەوەندیی ئەنقەرە تەواو دەبێت و كورد ناچار دەكرێن ئەو شارە بەجێ بێڵن، ئەگەرچی پێش چەند هەفتەیەك دەسەڵاتدارانی رۆژئاڤا رایانگەیاندبوو كە دیارییەكی وەها پێشكەشی ئەنقەرە ناكەن، بەڵام بەداخەوە كردیان".


لەلایەكی دیكەوە تۆڕە رووسیەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو ناپاكیەی ئەمریكا لە رۆژئاڤای كرد، زیانێكی تریشی پێگەیاندون و بووەتە هۆی پەیدابوونی لێكترازان لە نێوان پێكهاتەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، چونكە بەشێكی یەپەگە بەردەوامن لە ملكەچی بڕیار و فەرمانەكانی ئەمریكا، بەشێكی تریشیان لە بەرانبەر ئەم ناپاكیەی ئەمریكا، بڕیاریان داوە بەبێ هیچ مەرجێكی پێشوەختە، دانوستاندن لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد بكەن.


رووسیا تودەی نووسیویەتی ئێستە پەیەدە و یەپەگە دوو گرەوی سەرەكیان لەبەردەمە، یەكێكیان دانانی چەكەكانیان و رادەستكردنەوەی چەكە قورسەكانیانە بەئەمریكا، كە خاڵێكی ڕێكەوتنی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆنە لەسەر مەنبەج. دووەمیش ئەگەر ئەمریكا پشت لە رۆژئاڤا بكات، ئەوا یەپەگە و پەیەدە ناچار دەبن بەتەنها ڕووبەڕووی هاوپەیمانی سێ دەوڵەتە دژە كوردەكە ببینەوە، كە توركیا و سووریا و ئێرانن.

bas news-
Top