فوئاد كوێخا: ئێستا بهڕێوهبهرهكانی كورد له كهركووك، لە پەنجەی یەك دەست تێناپەڕن
دوای رووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، بەغدا پیلانی گۆڕینی بەرپرس و بەڕێوەبەرە كوردەكانی كەركووكی جێبەجێ كرد، تا ئێستا ژمارەیەكی بەرچاوی كورد لە پۆستەكانیان دوور خراونەتەوە، چاودێرانیش پێیان وایە، گۆڕین و لادانی بەڕێوەبەرە كوردەكان، مەترسییە لەسەر داھاتووی ئەو ناوچانە، بەوەش دەتواندرێت دەستكاریی بەڵگەنامەكان لە بەرژەوەندیی عەرەبدا بكرێن.
بە پێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە شاری كەركووك، 21 بەرپرسی كورد گۆڕدراون و لە شوێنە هەستیارەكان لادراون، جیا لەوانەش كورد هەموو پۆستە ئیدارییەكانی لەو شارە لە دەست داوە.
فوئاد كوێخا حوسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "پێش رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، زۆربەی زۆری بەڕێوەبەرایەتییەكان بە دەست كوردەوە بوون، بەو پێیەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ٢٦ كورسیمان هەبووە، بەڵام دواتر زۆربەی زۆری بەڕێوەبەرە كوردەكان گۆڕدران".
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە، هێمای بۆ چەند پۆستێكی كورد كرد، كە لێیان سەندراوەتەوە و كەسانی دیكە لە جێیان دانراون، وەك پارێزگار، قایمقامی كەركووك، قایمقامی دوبز، خورماتوو كە سەر بە سەڵاحەددینە قایمقامە كوردەكەی ئەوێشیان گۆڕیوە، بەڕێوەبەری كشتوكاڵ، سایلۆ، تەمنییە، وەبەرهێنان، كە جیا لە لابردنی، زیندانیشییان كردووە، بەڕێوەبەری ئاو، پێنج بەڕێوەبەری كورد لە كۆمپانیای نەوت لادراون و ھەروەھا سێ بەڕێوەبەری دیكەی كوردیش لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی كەركووك لەسەر كارەكانیان لادراون.
دەشڵێ، بەڕێوەبەری وەرزش و لاوان تا ئێستا نەگۆڕدراوە، بەڵام نووسراوی لابردنی بۆ كراوە و بەرز كراوەتەوە بۆ وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق، كەوا كەسێكی دیكە لە جێی دابندرێت.
فوئاد كوێخا، هێمای بۆ گۆڕانكاریی ناو بەشەكانی تەلاری پارێزگای كەركووك كرد، كە چەندین بەش بە دەست كوردەوە بوون و گۆڕدراون، هاوكات ئاماژەی بە سلكە ئەمنییەكەی ئەو شارەیش كرد، كە لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە گۆڕدراون، نموونەی بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزا و ناحییەكان هێنایەوە كە هەڵوەشێندراوەتەوە، هەروەها بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتن و پۆلیسی پردێ، بەڕێوەبەری پۆلیسی شوێنەوار، بەڕێوەبەری پۆلیسی رووبار، پۆلیسی نەهێشتنی زێدەڕۆیی، جێگری ئامر فەوجی پۆلیسی فریاكەوتن، بەڕێوەبەری لیژنەی كۆمپانیا ئەمنییەكان، لابراون لەگەڵ چەندین ئەفسەری كوردی بەشەكان، كە جێگۆڕكێیان پێ كراوە.
كوێخا، هەروەها ئەوەشی گوت كە بەڕێوەبەرایەتی و ئەو كوردانەی كە لادراون لە پۆستەكانیان، یا جێگۆڕكێیان پێ كراوە، زۆرن و ناتواندرێت لە ئێستا بە داتا باسیان بكات، ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی تا ئێستا بە دەستی كوردەوە ماون، یەك دوو بەڕێوەبەرایەتین، كە دواجار ئەوانیش لە بەرنامەی لابردندان.
kdp -
