شێخ جەعفەر: داعش گەییشتووەتە نێو خانەقین.. پێشمەرگە نەگەڕێتەوە شارەكە لە دەست دەردەچێت
چەند رۆژێكە لە زۆربەی ناوچەكانی عێراق تیرۆریستانی داعش چالاكییان ھەیە و، لە چەند ناوچەیەكی پارێزگای دیالە و تكریت ژمارەیەك ھاووڵاتی كوژراون و رفێندراون. لەو بارەیەوە، جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی پازدەی پارتی لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "داعش گەییشتووەتە نێو شارۆچكەی خانەقین و لەنێو سنووری شارەوانیی خانەقین چالاكی دەكات، ئەوەش بووەتە مەترسی بۆ سەر دانیشووانی شارەكە، لە دەوروبەری خانەقین نزیكەی ١٥٠ گوند لە ژێر دەستی داعشە، چونكە پێشتر ئەگەر بە شەو چالاكیی ھەبووبێت، ئێستا بە ڕۆژ و بە ئاشكرا داعش لە ناوچەكەدا دەگەڕێن و دەستی خۆیان دەوەشێنن، رەوشی ئەمنیی خانەقینیش بە تەواوی تێك چووە و لە خانەقینەوە بگرە تا دەگاتە نزیك كەلار و رێگەی جەلەولا بۆ ئاوی سیروان و ناوچەی پاڵانی، ئەمنییەت نەماوە".
پێشتر بە ھۆی پاراستنی سنووری خانەقین لەلایەن ھێزەكانی پێشمەرگەوە، داعش كەمتر دەیتوانی چالاكی بكات، بەڵام دوای كشانەوەی پێشمەرگە، تیرۆریستان گەڕاونەتەوە سنووری شارۆچكەی خانەقین. بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەمڕۆ لە سەنتەری شارۆچكەی خانەقین مانگرتن بەڕێوە چووە و بەردەوامە كە دوكان و بازاڕ نەكرانەوە و ھەموو پێكھاتەكانیش بەشداری دەكەن، مەبەست لەو گردبوونەوە و مانگرتنەیش، راگرتنی تاوانەكانی داعشە دژی خەڵكی ناوچەكە، ئێمەیش بڕیارمان داوە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریی گردبوونەوەكە بكەین و فەرمانمان بە ئەندام و لایەنگرانمان كردووە رۆڵیان لەو چالاكییەدا ھەبێت".
شێخ مستەفا گوتیشی: "خەڵكی خانەقین داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی شارۆچكەكەیان دەكەن، چونكە ئەو شوێنەی پاراستنی بە لیوای ٣٥ی عێراق سپێرداوە، نزیكەی ٣٠٠ گوندن و تیرۆریستانی داعش بە ئارەزووی خۆیان تەراتێنی تێدا دەكەن، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر خەڵك، لەبەر ئەوەی ھێزە عێراقییەكان توانای پاراستنی خانەقین و بەرەنگاربوونەوەی داعشیان نەماوە، ھەتا ئەگەر سوپای عێراق و پۆلیس بە چاوی خۆیان ببینن داعش بازگەی داناوە، ناچن بەلایاندا و خۆیان لە قەرەی تیرۆریستانی داعش نادەن".
ئەو بەرپرسە، هەروەها دەڵێت: "پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، مەترسیی زۆر گەورە لەسەر ناوچەكە ھەیە، ئەگەر بە ھۆی پەیوەندیی كۆمەڵایەتیی نێوان پێكھاتەكانی شارەكە نەبێت، ئەوا كۆنتڕۆڵی شارەكە لە دەست دەردەچێت، بە تایبەتی ئەو رووداوەی رۆژانی رابردوو لە گوندی مەردانەی نێو خانەقین رووی دا و داعش سەرۆكھۆزێكی تیرۆر كرد".
kdp -
