تاریق گەردی: بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیی، یاساییە و لە بەرژەوەندیی ھەرێمی كوردستانه
٦ی ٦ی ٢٠١٨، لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە چەند لایەنێكی سیاسی لە ھەڵبژاردنەكانی ١٢ی ئایار دەنگی پێویستیان بە دەست نەھێنابوو، داوایان كرد دەنگی ئاوارەكان و دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات و پێشمەرگە و دەنگدانی تایبەت ھەژمار نەكرێت. پەیوەست بەم پرسە، پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی تانەی لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران داو و بە بڕیارێكی نادەستووری ناوی برد.
ئەمڕۆ دادگای فیدراڵیی عێراق، بۆ بڕیاردان لەسەر تانەی سەرۆككۆمار، پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان، سەبارەت بە ھەڵوەشاندندەوەی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردن كە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بڕیاری لەبارەوە دراوە، بڕیاری دا كە ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست، دەستوورییە و ھەڵوەشاندنەوەی دەنگی دەنگدەرانی دەرەوە و دەنگدانی تایبەتی لە ھەرێمی كوردستاندا ڕەت كردەوە.
تاریق گەردی، ئهندامی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای بڕیارەكانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، فراكسیۆنی پارتی و زۆربەی یاساناسان پێشبینیی ئەوەمان دەكرد، كە ئەو دانیشتنە ڕەت بكرێتەوە، چونكە بە دوو بڕگە دەبێـت، بڕگەی یەكەم تایبەت بەم یاسایەیە كە دەرچووە و دەڵێت دەبێ دەنگە تایبەتەكان و دەنگی دەرەوەی وڵات و ئاوارەكان ڕەت بكرێنەوە، ئەم بڕیارە بە ئاشكرا پێشێلكردنی دەستوور بوو، چونكە ھەموو دەنگدەر و ھاووڵاتییەك لە ھەر شوێنێك و ھەر ئایین و ڕەنگێك بێت، مافی دەنگدانی ھەیە و كەس بۆی نییە ئەم مافەی زەوت بكات. تایبەت بە بڕگەی دووەمیش، كە بڕیاری ھەڵبژاردنەوەی دەنگەكان بوو و پەسەند كرابوو، كە گومان ھەبوو لە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، ئەمە بڕیارێكی یاساییە و دادگایش ئەمڕۆ بڕیاری دا كە دەستوورییە".
گەردی، گوتیشی: "بە شێوەیەكی گشتی وەك ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و وەك یاساناسێكیش باوەڕمان وایە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق، یاساییە و لە بەرژەوەندیی ھەرێمی كوردستان و دەنگی ھێزی پێشمەرگەی كوردستانە."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: "لەسەر داواكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كە دادگای فیدڕاڵی ئەم بڕیارانەی دا و، پارتی بە فەرمی تانەی لەو بڕیارە نادەستوریانە گرت و داكۆكی لە دەنگی ئاوارەكان و دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات و ھێزی پێشمەرگە كرد، بێگومان چەند لایەنێكی تری سیاسیی كوردستان و عێراقیش، لەگەڵ ئەوەی دەنگیان بۆ ھەڵوەشانەوەی دەنگەكان دا و پشتگیریی بڕیارە نادەستوورییەكەیان دەكرد، لەبەر ئەوە بوو كە دەنگی پێویستیان نەھێنابوو."
kdp-
