ئەیاد عەللاوی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی راگەیاند

 ئەیاد عەللاوی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی راگەیاند
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەیاد عەللاوی سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی (وەتەنیە) و جێگری سەرکۆماری عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تایبەت بەسێیەم ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا كە رێز لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەگرن.

عەللاوی داواشی کرد رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە ساختەکاریان لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا کردووە، دووپاتیشی کردەوە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە تایبەت بەسێیەم ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان دەریکردووە، گورزێکی كوشندە بوو بۆ ئەو کەسانەی ھەوڵی گەندەڵی دەدەن.

لە بەیاننامەیەکدا، ئەیاد عەلاوی رایگەیاندووە "رێز لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەگرین و پابەندی دەبین". گوتیشی "متمانەی تەواومان بەسەربەخۆیی دادگا و بڕیارەکەی ھەیە کە بۆ دووبارە ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست دەریکردووە".

رۆژی ٦ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ سێیەم جار یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەموار کردەوە کە بەپێی ھەموارکردنەوەکە، ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە ١٢ی مانگی رابردوو، بەڕێوەچوو، بەئامێری ئەلیکترۆنی ھەڵوەشاندەوە، ھەروەھا بڕیار درا دووبارە دەنگەکانی ھەڵبژاردنەکان بەدەست بژمێردرێنەوە و جیابکرێنەوە.

بەپێی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، ھاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٥٤ کورسی بەدەست ھێناوە، دوای ئەو ھاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری ٤٧ کورسی مسۆگەر کردووە، ھاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادییش ٤٢ کورسی بەدەست ھێناوە، ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش بەسەرۆکایەتی جێگری سەرکۆماری عێراق نوری مالیکی ٢٦ کورسی ھێناوە و ھاوپەیمانی وەتەنییەش کە لەلایەن جێگری سەرکۆماری عێراق، ئەیاد عەللاوی سەرۆکایەتی دەکرێت،٢١ کورسی و رەوتی حیکمەش بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم بووەتە خاوەنی ١٩ کورسی.









باسنيوز
Top