نێچیرڤان بارزانی: شێخ بایز تاڵەبانی كەسێكی سەرڕاست و قسە شیرین بوو
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21\6\2018، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە پرسەنامەیەكەدا بەبۆنەی كۆچی دوایی بایز تاڵەبانی، وەزیری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستانهوه، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەكەی کرد و رای گەیاند، کە یادی كۆچكردوو و سەرڕاستی و قسەخۆشەكانی هەمیشە لەیادی ئەواندا دەمێننەوە.
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لە كاتی پێكەوە كاركردنیاندا، شێخ باییز نموونەی كەسێكی شارەزا و سەرڕاست بوو، هەروەها قسەخۆشەكانی هەمیشە گەرماییەكی زیاتری دەدایە كاركردنێكی گونجاو و پڕ لە لێكگەیشتن، لە هەمانكاتدا ژیانی ڕابردووشی پڕبوو لە تێكۆشان و دڵسۆزی بۆ شۆڕش و گەلی كوردستان.
ئەمەش دەقی پرسەنامەکە:
بۆ بنەماڵەی خوالێخۆشبوو شێخ باییز تاڵەبانی،
بەداخەوە ئەمڕۆ كەسایەتی و وەزیری پێشووی ئابووری و داراییی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوالێخۆشبوو شێخ باییز تاڵەبانی، كۆچی دوایی كرد. بەوبۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆم و هاوكارانم لە ئەنجومەنی وەزیران ئاراستەی ئێوەی بەڕێز دەكەم و لە خوای مەزن داواكارین جێگەی بەهەشت بێت.
لە كاتی پێكەوە كاركردنماندا، شێخ باییز نموونەی كەسێكی شارەزا و سەرڕاست بوو لە كاركردندا، هەروەها قسەخۆشەكانی هەمیشە گەرماییەكی زیاتری دەدایە كاركردنێكی گونجاو و پڕ لە لێكگەیشتن لەگەڵ شێخ باییزدا، لە هەمانكاتدا ژیانی ڕابردووشی پڕبوو لە تێكۆشان و دڵسۆزی بۆ شۆڕش و گەلی كوردستان.
سەرڕاستی و قسەشیرینیی شێخ باییز تاڵەبانی وەك یادگارەكانی كەسێكی دڵسۆز لە یادی ئێمەدا هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
21/6/2018
باسيوز
