یەکێتی خانەقینی ڕادەستی میلیشیاکان کرد و لەگەڵ خەڵکیش مانگرتن دەکات

 یەکێتی خانەقینی ڕادەستی میلیشیاکان کرد و لەگەڵ خەڵکیش مانگرتن دەکات
پاش ئەوەی بەهۆی خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، کەرکووک، خورماتوو، خانەقین و ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستان کەوتە دەست میلیشیا عێراقییەکان، ئێستا یەکێتی بانگەشەی ئەوە دەکات کە پشتیوانی لە مانگرتنی هاووڵاتییانی خانەقین دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی حوزەیرانی 2018، خەڵکی خانەقین مانگرتنێکی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند و بڕیاریان دا لە ماڵەکانیان نێنە دەرەوە و سەرجەم دووکان و بازاڕەکانیان داخست، بەو هۆیەشەوە ژیانی ئابووری لە شارەکەدا تائێستا وەستاوە.

لەمبارەیەوە شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی، پشتیوانی بۆ مانگرتنەکەی خەڵکی ئەو شارە ڕاگەیاند و ئاشکراى کرد: "ئەمڕۆ مانگرتنی سەرتاسەری لە خانەقین ئەنجام دەدرێت و ئێمەش لەگەڵ خەڵکدا لە ماڵەکانمان نایەینە دەرەوە و ناچینە سەر کار و بازاڕەکانیش داخراون".

ڕوونیشی کردەوە کە ئامانج لەم مانگرتنەی خەڵکی خانەقین، گەیاندنی پەیامی ناڕەزایەتییە و ئەو دۆخە نالەبارەی شارەکەیە لەڕووی ئەمنییەوە، چونکە ”لەدوای نەمانی ھێزی پێشمەرگەوە، بۆشاییەکی ئەمنیی زۆر گەورە دروست بووە و داعش قۆستوویەتیەوە، بۆیە داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان بۆ شارەکە دەکەین".

ُپشتیوانیکردنی یەکێتی لە داواکاریی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ خانەقین لە کاتێکدایە کە ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، کەرکووک، خورماتوو، خانەقین و ناوچەیەکی فراوانی کوردستان لەلایەن میلیشیاکانەوە داگیر کران و دواتر کۆسرەت ڕەسوڵ، نەجمەدین کەریم، شێخ جەعفەر و مەلا بەختیار، سەرکردە باڵاکانی یەکێتی ئەوەیان ڕاگەیاند کە گرووپێک لەنێو خودی یەکێتی خیانەتی کردووە و ئەو ناوچانەی داوەتە میلیشیاکانی عێراق. هەر لە سەروبەندی ئەو ڕووداوانەدا، هەریەک لە (پاڤڵ تاڵەبانی، لاهوور و ئاراس جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، ئاسۆ مامەند، رەفعەت عەبدوڵا، شوان داودی) و چەندان کەسی دیکەی یەکێتی کە ئێستا بە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر دەناسرێن، پشتیوانییان لە هێزە داگیرکەرە عێراقییەکان دەکرد و پاساویان بۆ کشاندنەوەی پێشمەرگە و جێهێشتنی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان دەهێنایەوە.










باسنيوز
Top