ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: مافیاکانی بەنزینە ژەھراوییەکە ھەڕەشەیان لێکردم

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: مافیاکانی بەنزینە ژەھراوییەکە ھەڕەشەیان لێکردم
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەگەر بزانێت، بەپرسانی گۆڕان، دەستیان لە ھێنانی بەنزینی ژەھراوی ھەبوو، ناوەکانیان ئاشکرا دەکات.



محەمەد شێخ وەھاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی لیژنەی سوتەمەنی و وزە لەسەر ئەو بەنزینە ژەھراوییەی ھاتووەتە سلێمانی، زانیاری نوێ بۆ ، رای گەیاند: ”دوای ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵێک ھاووڵاتی لەسەر کۆمەڵێک عەمبار و خەزان، کە لەناو سەنتەری شاری سلێمانی ھەیە، کاریان تێکەڵکردنی کۆمەڵێک مادەی کیمیاییە کە ئەمەش دەبێتە ھۆکاری ژەھراوی بوونی بەنزیەنەکە و کاریگەری خراپی بۆ تەندروستیی مرۆڤ ھەیە، کە دەبێتە خۆکاری تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە“.



ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی خستە روو، کەئەو مادەیە کیمیاییە لە دەروازە سنوورییەکانەوە ھاوردەی ناو شاری سلێمانی کراوە، کۆمەڵێک بەرپرس، گرووپ و مافیا لەپشی ئەوکارەوەن، ھەرچەندە لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا لەگەڵ ئەو گرووپانەدا ڕووبەڕووی ھەڕەشە بوووتەوە، بۆئەوەی ئەو کەیسە ئاشکرا نەکات، دەشڵێت: ”لەبەر ئەوەی نوێنەری خەڵکم و ئەو خەڵکە دەنگی پێ داوم باکم بەھیچ ھەڕەشەیەک نییە و لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکی ئەو بەنزینە ژەھراوییەم ئاشکراکردووە و ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکەم بۆئەوەی ئەوان لێپرسینەوەی یاسایی بکەن“.



دەربارەی ئەوەی ئایا ھیچ بەرپرسێکی گۆڕان دەستی لەو بەنزینە ژەھراوییەدا ھەبووە، ئەندامەکەی لیژنەی سوتەمەنی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەو نەیگوتووە، بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەو بەنزینە ژەھراوییە ھەبووە، بەڵکو گوتوویەتی لەوە دەچێ بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕانیشی تێدابێت، بەڵام جەختیش لەوە دەکاتەوە، ئەگەر بزانێت بەرپرسێکی گۆڕان، یان تەنانەت باوکیشی دەستی لەو بەنزینە ژەھراوییە ھەبووە، ناوەکەی ئاشکرا دەکات.





لای خۆیەوە، مەھدی مەحمود، سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕاگەیاند: ”ھەموو ئەندامێکی ئەنجومەن مافی خۆیەتی بەدواداچوون بۆ کێشەی ھاووڵاتییان بکەن، بەڵام ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، خۆی بەدواداچوونی بۆ ئەو بەنزینە کردووە و بەنزینە ژەھراویەکەی ئاشکراکردووە“.



سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، گوتیشی: ”ھەموو شتێک لەم وڵاتە ڕوو دەدات، بێگومان محەمەد شێخ وەھاب، خۆی ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕانە و پێویستە خۆی ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات، کە بەرپرسن لەو بەنزینە ژەھراوییە“.
bas news-
Top