لە گەرمیان سەرجەم ماتۆڕسکیله دەستبەسەر گیراوەکان لەناوبران
ئەمڕۆ چوارشەممە 20\6\2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان، لە راگەیاندراوێکدا، لە پەیجی تایبەتی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەو ماتۆڕسکیلانەی سەتایان نییە، واتا بەڵگەی یاساییان نییە، بەپێی یاسای هاتوچۆی ژمارە 86ی ساڵی 2014، بڕگەی 12، هەر سواروویەک تۆمار نەکرابێت و بە فەرمی لە رێگەی گومرگەوە نەهاتبێتە کوردستان، دەستی بەسەردا دەگیرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ئەمە لە کاتێکدایە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆکانی کوردستان، چەندین جار داوایان لە هاووڵاتییان کردووە، ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا نەکڕن و لێی نەخوڕن، لە هەمانکاتدا زۆربوونی ماتۆڕسکیڵی بێ سەرەتا، بۆتە هۆی بێزاربوونی هاووڵاتییان و چەندین رووداوی دڵتەزێن بەدوای خۆیدا هێناوە.
bas news-
