"كاكه‌ییه‌كان مه‌ترسیی جینۆسایدیان له‌سه‌ره"
فه‌رهاد كاكه‌یی، ماموستایی زانكۆ و سه‌رۆكی ڕێكخراوی چاو بۆ دیكۆمێنتكردن، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "كاكه‌ییه‌كانی گونده‌كانی سه‌ر به پارێزگای كه‌ركووك له ڕه‌وشێكی ئه‌منیی خه‌راپدان. ئێستا هه‌ردوو گوندی ئه‌لبومحه‌مه‌د و زانقهرا، كه سنووریان لە گوندەکانی عه‌ره‌به‌كان دەگەڕێتەوە، به هۆی په‌لاماری داعش و گوندنشینه عه‌ره‌بییه‌كانەوە به ناچاری و بۆ پاراستنی گیانی خۆیان چۆڵ كراون".
عه‌ره‌بی نیشته‌جێی كه‌ركووك و ده‌ورووبه‌ری له سه‌رده‌می حوكمڕانیی سه‌ددام حوسێن هه‌مییشه كاریان كردووه بۆ داگیركردنی زه‌ویوزاری كوردان. فه‌رهاد كاكه‌یی ده‌ڵێت: "ئێستا كاكه‌ییه‌كان له لایه‌ن داعش و عه‌ره‌بە گوندنشینه‌كانه‌وه به‌رده‌وام ده‌كرێینه ئامانج، تاوه‌كو زێدی خۆمان چۆڵ بكه‌ین و ئه‌وانیش ده‌ست بگرن به‌سه‌ر زه‌ویوزاره‌كانماندا و بۆ خۆیانی به‌كار بهێنن و له‌م چه‌ند ڕۆژەی ڕابردوودا مه‌زارگه‌ی سه‌ید زێبار كاكه‌یی ته‌قێندرایه‌وه له گوندی زانقهرا، ماڵی كاكه‌ییه‌كان مینڕێژ ده‌كه‌ن و ده‌یته‌قێننه‌وه، له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا زیاتر له 12 هاووڵاتیی كاكه‌ییان تیرۆر كردووە".
سه‌رۆكی ڕێكخراوی دیكۆمێنت ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات: "هێزه عێراقییه‌كان ته‌نیا له جاده‌ی قیره‌وه هەن، ئه‌گینا ناتوانن بڕۆنه ناو هیچ گوندێكه‌وه، یه‌كسه‌ری له لایه‌ن داعشه‌وه له‌ناو ده‌برێن، چونكه له‌سه‌داسه‌د گونده‌كان به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ن، ئه‌و هێزه ناتوانێت كاكه‌ییه‌كان بپارێزێت، داوا ده‌كه‌ین هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له فه‌وجه‌كانی كاكەیی و هێزی دیكه‌ی پێشمه‌رگه بهێندرێنه‌وه بۆ ناوچه‌كه‌مان، ئه‌گینا ئێستا كاكه‌ییه‌كان له ده‌ستی داعش و عه‌ره‌به شه‌ڕفرۆشه‌كاندان، ئەگەر فریامان نه‌كه‌ون كاره‌ساتی گه‌وره به‌سه‌ر كاكه‌ییه‌كاندا دێت، هاوشێوه‌ی كاره‌ساتی ئێزدییه‌كان، بۆیه به‌رده‌وامیش كاكه‌ییه‌كان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان گونده‌كانیان چۆڵ ده‌كه‌ن".
حكوومه‌تی ئێستا‌ی عێراق پاش 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو به‌عه‌ره‌بكردن و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ست پێ كردوه. ڕه‌جه‌ب عاسی كاكه‌یی، سه‌رۆكی ڕێكخراوی میترا بۆ په‌ره‌پێدانی ڕۆشنبیریی یارسانی له‌سه‌ر هه‌مان پرس ڕایگه‌یاند: "حكوومه‌تی عێراق ده‌ستی داوه‌ته گۆڕانكاری دیموكرافیای ناوچه‌كه بۆیه ناوچه‌كه‌ی بۆ تیرۆریستانی داعش و عه‌ره‌به‌كان چۆڵ كردووه، تاوه‌كو بێن و كورده‌كان به گشتی قه‌تڵوعام بكه‌ن، كورده‌كان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان ناوچه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن، پاشان به ناوی پاکكردنه‌وه‌ی له تیرۆریستان، گونده‌كان له‌گه‌ڵ خۆڵ ته‌خت بكەن و ئیدی كورد نه‌گه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان، ئه‌وكاتیش ناوچه‌كه زۆر به‌ئاسانی دیموگرافیاكه‌ی، كه 100 ساڵه كاری بۆ ده‌كرێت، بۆیان ده‌گۆڕدرێت ".
گوندە كاكه‌یینشینەکان به هۆی هه‌ڕه‌شه و تیرۆركردنی ده‌یان كه‌سیان له لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه زێدی باوباپیرانیان چۆڵ ده‌كه‌ن و به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵدێن. عاسی كاكه‌یی گوتیشی: "له دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه ده‌یان هاووڵاتیی سڤیلی كاكه‌یی له لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه ڕفێندراون و تیرۆر كراون، تاوه‌كو ئێستاش نزیكه‌ی 8 گوندی كوردی كاكه‌یینشین زێدی خۆیان چۆڵ كردووه و ئێستا له‌لایه‌ن داعشه‌وه كۆنتڕۆڵ كراون، گوندنشینانی كاكه‌یی به‌رده‌وامن له چۆڵكردنی گونده‌كانیان، چونكه حكوومه‌تی عێراق ئاماده‌ی پاراستنمان نییه، ئێمه ئه‌م كاره‌ساته‌ی به‌سه‌رماندا دێت، خودی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، حه‌یده‌ر عه‌بادی به به‌رپرسیار ده‌زانین، كه نایه‌وێت كوردانی كاكه‌یی بپارێزرێت".
kdp-
