یەکێتی هێشتا گومان لە چەند بەرپرسێکی خۆی دەکات

 یەکێتی هێشتا گومان لە چەند بەرپرسێکی خۆی دەکات
بەرپرسێکی یەکێتی، ئاماژە بەوە دەدات کە دەنگۆی ئەوە ھەیە، چەند کەسێک لەناو یەکێتی ئیش بۆ قەوارەکەی بەرھەم ساڵح بکەن، بەڵام ”ئەگەر شتێکی وا ھەبێت، ئەوە خیانەتە و باشترە ئەو کەسانە خۆیان ڕیزەکانی یەکێتی بەجێ بھێڵن“.

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ٩ی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕايگەیاند: ”مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بڕیاری داوە ھەر کەسێک لەناو یەکێتی ئیش بۆ لایەنێکی دیکەی سیاسی بکات، لەناو ڕیزەکانی یەکێتی دەردەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم ئەو ئیمتیازاتانەی لێ وەردەگیرێتەوە، کە بەھۆی یەکێتییەوە وەری گرتووە“.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی، ئەوەشی خستە روو، کە ھەموو کەسێک ئازادە لەناو چ حزبێکی سیاسی درێژە بەکاری سیاسی دەدات، چونکە ھەڵبژاردنی لایەنێکی سیاسی ترس و لەرزی ناوێت، بەڵام ”دەنگۆی ئەوە ھەیە چەند کەسێک لە ناو یەکێتی ئیش بۆ قەوارەکەی بەرھەم ساڵح دەکەن، بۆیە باشتروایە ئەو کەسانە خۆیان یەکلایی بکەنەوە، یان ئێش بۆ بەرھەم ساڵح بکەن، یان لەناو ڕیزەکانی یەکێتی درێژە بەکاری سیاسی بدەن“.

ئاشکراشی کرد، کە ھەر کەسێک ”بەنھێنی“ ئیش بۆ قەوارەکەی بەرھەم ساڵح دەکات، باشتروایە ”ڕیزەکانی یەکێتی بەجێ بھێڵێت“، چونکە ئەوە ”دەچێتە چوارچێوەی خیانەت“، ئەو کەسە خیانەتی لە خۆی و لە حزبەکەی کردووە.

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ٩ی شارەزووری یەکێتی، ئاماژەی بەوەش دا، کە ھەرکەسێک لەناو یەکێتی ئیش بۆ قەوارەکەی بەرھەم ساڵح بکات، پێی دەگوترێ خەتمایل، گوتیشی: ”بێگومان خەتمایل لەناوی یەکێتی جێگەی نابێتەوە و ئیشی پیاوی شۆڕشگێڕ نییە”.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێش هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەندان بەرپرسی خۆی بە تۆمەتی کارکردنی نهێنی بۆ بەرهەم ساڵح، لە ڕیزەکانی دوور خستەوە.









باسنيوز
Top