ڕێبوار تاڵەبانی: هیچ بڕیارێك بۆ دەستگیركردنم دەرنەچووە
ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هەواڵێكی چەند میدیایەكی عێراقی رەت كردەوە لەبارەی دەرچوونی بڕیارێك بۆ دەستگیركردنی لەلایەن دادگایەكی كەركووكەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە كەناڵی (ئەلشەرقیەنیوز) و چەند میدیایەكی تری عێراقی هەواڵێكی هەڵبەستراویان لەبارەی ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكەوە بڵاوكردبووەوە، گوایە لەلایەن دادگای دەستپاكی كەركووكەوە بەتۆمەتی گەندەڵی، بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووە .
ڕێبوار تاڵەبانی لەمبارەیەوە روونكردنەوەیەكی رۆژنامەوانی بڵاو كردەوە، جگە لە بەدرۆخستنەوەی هەواڵەكە، رایگەیاند كە كەناڵی ناوبراو دەداتە دادگا.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، كە لەوەتەی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەرەوە بەشێوەیەكی نایاسایی ناچار كراوە پۆستەكەی بەجێ بێڵێت، ئاماژەی داوە "ئەم هەواڵە بەشێكە لەو گوشارە سیاسییە ئاست نزمەی كە دەیانەوێ كار بكەنە سەر دادگای عێراقی، بەڵام ئێمە باوەڕی تەواومان بەدادگای عێراقی هەیە و كاریگەر نابێت بەم جۆرە گوشارانە، كەیسەكەشم لە دادگادا بەشێوەیەكی یاسایی بەڕێوەدەچێت.
كەناڵەكە بڵاوی كردبووەوە گوایە دادگا، ڕێبوار تاڵەبانی بەخەرجكردنی 76 مليۆن دیناری حكوومەت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی تۆمەتبار كردووە.
bas news-
