هەولێر.. گردبوونەوەیەک لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام درا

 هەولێر.. گردبوونەوەیەک لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام درا
ئەمڕۆ کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مەدەنی و لایەنگرانی مافی مرۆڤ و چین و توێژە جیاجیاکانی هەولێر و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سێدارەی رامین حوسێن‌پەناهی گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان لەبەردەم بارەگای یووئێن ڕێک خست.

خۆپیشاندەران بە هەڵگرتنی وێنە و پۆستەری ڕامین حوسێن‌پەناهی، بەندکراوی سیاسیی کورد، داوای هەڵوەشانەوەی ئەو حوکمە و نەمانی سزای سێدارەیان لە ئێران کردووە.

ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە بە خوێندنەوەی نووسراوەیەک داوایان کرد: "داوا دەكەین فشاری توند بگرنە بەر بۆ راگرتنی بڕیاری ئیعدامی رامینی حوسێن‌پەناهی كە لە دادگایەكی ڕووكەش و نادادپەروەردا بڕیاری ئیعدام سەپێنراوە بەسەریدا و ئەگەری زۆرە لە هەر رۆژو دەقە و سەعاتێكدا بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت دەكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری ئەو دادگا ڕووكەش و نا دادپەروەر و شانۆییە".

لەناو خۆپیشاندەراندا ئەمجەد، برای ڕامین حوسێن پەناهیش ئامادە بوو، سپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە بۆ ئازادی و پشتیوانیی براکەی هەوڵیان داوە و داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سێدارەی ڕامین هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ.



دەقی نووسراوەکە:

بەڕێز نەتەوە یەكگرتووەكان

بابەت: داواكاری راگرتنی بڕیاری ئیعدامی رامین حوسێن پەناهی و هەڵوەشاندنەوەی ئیعدام لە ئێران

سەرەتا دەمانەوێت سوپاسی نەتەوەیەكگرتووەكان بكەین بەرانبەر بەو هەڵوێستانەی تا ئێستا نواندوویەتی سەبارت بە دۆسیەی رامینی حوسێن‌پەناهی.

دیارە ئیعدام لە ئێراندا بۆتە دیاردەیەكی باو رۆژانە خەڵكانی بێ تاوان لە كۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرچاوی خەڵكەوەو زۆر كاتیش لەسەر شەقامەكان ئیعدام دەكرێت, پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە گشتی وە نەتەوەیەكگرتووەكان بە تایبەتی لە هەمبەر ئەم تاوانانە بێتە دەنگ و فشار جدی بكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئیعدام لە ئێران و جیهان.

ئێمە ئەمڕۆ لێرە وەك ناڕەزایەتی گردبوینەتەوە داوا لە بەڕێزتان دەكەین فشاری توند بگرنە بەر بۆ راگرتنی بڕیاری ئیعدامی رامینی حوسێن پەناهی كە لە دادگایەكی روكەش و نا دادپەروەردا بڕیاری ئیعدام سەپێنراوە بە سەریدا و لە هەر رۆژو دەقەو سەعاتێكدا بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت دەكرێت, بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری ئەو دادگا روكەش و نا دادپەروەرو شانۆییە.

ئێمە تكاتان لێدەكەین ئەوەی پێتان دەكرێت بۆ راگرتنی بڕیاری ئیعدام بەسەر ئەم گەنجە ئەنجامی بدەن و ژیانێكی ئارامی بۆ بگەڕێننەوە، چاوەڕوانی هیمەتتانین, بەهیوای ژیانی ئاسودە بۆ كاكە رامین و سەرجەم زیندانیان لە ئێران بە تایبەتیش ئەوانەی بڕیاری ئیعدامیان بەسەردا سەپێنراوە.

نا بۆ ئیعدام، بەڵێ بۆ ژیانی ئارام بۆ هەمووان









باسنيوز
Top