جۆرە زیندەوەرێكی زیانبەخش لە كەركووك و خورماتوو بڵاو بووەتەوە
یەشار كفری، هاووڵاتیی دانیشتووی كەركووك، وێنەی ئەو جۆرە زیندەوەرەی لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، لە ماڵەكەمدا ئەم جۆرە زیندەوەرە نامۆیەم دۆزییەوە.
هاوكات چەندین هاووڵاتیی دیكەی كەركووك و خورماتوو لە ئەكاونەتەكانی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) هاوشێوەی یەشار كفری وێنەی ئەو زیندەوەریان بڵاو كردووەتەوە و مەترسییەكانیان ئاشكرا كردووە كە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستیاری و سووربوونی پێست.
لەم بارەیەوە، حوسێن سابیر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك، ئەمڕۆ سێشەممە 19/6/2018، ڕايگەیاند: "ئەو جۆرە زیندەوەرە ساڵانە زیاتر لە كاتی دروێنەی گەنم و جۆ پەیدا دەبێتەوە، بۆیە ئەوە كاری بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵە كە جۆرە دەرەمانێكی دژ بەو جۆرە زیندەوەرە بڵاو بكەنەوە بۆ لەناوچونیان، چونكە ئەوە كاری ئێمە نییە هەستین بەلەناوبردنیان ئەو بوونەوەرە لەو شوێن و ناوچانەی كە زیاتر كشتوكاڵین، یان داری زۆر هەبێت زیاتر پەیدا دەبن".
گوتیشی، هەر كەسێك ئەو جۆرە زیندەوەرە پێوە بدات، ئەوا چارەسەرییەكەشی ئاسانە و مەرهەمی هەستیاری بۆ بەكار دەهێنرێت.
لە هەندێ ناوچەی دیکەی کوردستان بەو زیندەوەرە دەگترێت "سوون" و لە کاتی پێگەیشتنی دەغڵ و دان و گەنم و جۆدا پەیدا دەبێت و جیا لە تەندروستیی مرۆڤ، بۆ کشتوکاڵ و بەتایبەتی زیانگەیاندن بە گەنم و جۆ زیانبەخشە
باسنيوز
