گەرمیان.. ئاستی بەرھەمھێنانی گەنم بۆ 75 ھەزار تۆن کەمی کردووە

گەرمیان.. ئاستی بەرھەمھێنانی گەنم بۆ 75 ھەزار تۆن کەمی کردووە

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان ڕای دەگەیەنێت، کە ئاستی بەرھەمھێنانی گەنم لەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، زۆرکەمی کردووە و پێشبینی دەکرێت بگاتە 75 ھەزار تۆن، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو 150 ـ 200 ھەزار تۆن گەنم لە سنووری گەرمیاندا بەرھەم ھێنراوە، بەھۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانیش لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە، تەنیا 17 ھەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی گەرمیان وەردەگیرێت.

شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان، ڕاگەیاند: "لەمساڵدا ئاستی بەرھەمھێنانی گەنمی جووتیاران بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر کەمی کردووە، ئەویش بەھۆی دواکەوتنی پەڵە لە وادەی خۆیدا و نا ھاوسەنگی بارانبارین لە ناوچەکانی سنوورەکەدا و دواتریش زۆری بارانبارین لەکاتی پێگەیشتنی بەرھەمی جووتیاراندا، کە زیانێکی زۆری بە بەرھەمەکانیان گەیاندووە".

گوتیشی: "بەپێی پێشبینییەکانی ئێمە، ساڵی ڕابردوو ئاستی بەرھەمھێنانی گەنم 150 ـ 200 ھەزار تۆن بووە، بەڵام ئەو ڕێژەیە لەمساڵدا کەمی کردووە بۆ 75 ھەزار تۆن".

شادیە حوسێن لەبارەی ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنووری گەرمیان لەمساڵدا ڕوونی کردەوە، کە بەھۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانەوە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، بۆ ئەمساڵ لەچوارچێوەی پارێزگای سلێمانیدا، تەنیا 17 ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی سنووری کەلار و کفری و شارەدێی پێباز و سەرقەڵا وەردەگیرێت".

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان ئاشکرای کرد: "ئێمە لە مانگی ئازارەوە لەھەوڵداین بۆ کردنەوەی بنکەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە گەرمیان، بەڵام دوا کەوتووە، چونکە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە نیاز نەبووە بنکەکە بکاتەوە، بۆیە تا ئێستا دەستنەکراوە بە وەرگرتنی بەرھەمی گەنمی جووتیارانی سنوورەکە".
bas news-
Top