پارتی و یەکێتی پڕۆژەیەک ئامادە دەکەن
کاکەمین نەجار، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کەناڵی (کوردستان ٢٤)ی راگەیاندووە، داوایان لە حزبەکانی کوردستان کردووە، پێکەوە بچینە بەغدا، پڕۆژەیەکیشیان ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بکەن و لەوە تێبگەن کە لەسەر چ بنەمایەک، ب چنە نێو حکوومەتی داھاتووی عێراقەوە.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بودجەی ھەرێمی کوردستان و بابەتی پێشمەرگە و دابینکردنی مووچە بۆ ھێزی پێشمەرگە لە ئەولەویەتی کارەکانیانە، ئەگەر ”لەسەر ئەوانە رێککەوتین، دواتر باسی پۆستەکان دەکەین“.
لەلایەکی دیکەوە، لەبارەی وادەی چوونی شاندەکە بۆ بەغدا، خالید شوانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کردووە، ھێشتا کاتی چوونی شاندەکە بۆ بەغدا دیاری نەکراوە.
جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە ھەموو لایەنە کوردییەکان پێکەوە بڕۆنە بەغدا و لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان یەک ھەڵوێست بن، دەشڵێت: ”لایەنی کەم پارتی و یەکێتی و ھێزەکانی دیکە، دیدێکی ھابەشیان ھەبێت، بۆ داھاتووی عێراق".
لە ماوەی رابردوودا بە شێوەیەکی بەردەوام، سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە لەسەر بنەماکانی (هاوبەشی، تەوافوق و هاوسەنگی)، ئامادەن جارێکی دیکە بەشداری لە پێکهێنانەوەی حکوومەتی عێراقدا بکەن، بەڵام بەبێ جێبەجێکردنێکی ڕاستەقینەی ئەو بنەمایانە، ئەوا داهاتووی عێراق دژوارتر دەبێت.
باسنيوز
