ئەسەد و ھەسەدە رێكدەكەون
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی مەسدەری نزیك لە بەشار ئەسەد، ئاڵدار خەڵیل لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، هەر رێککەوتنێك لە نێوان هەسەدە و رژێمی سووریا، دەبێتە "رێککەوتنێکی مێژوویی بۆ هەردوولا".
ئەو رۆژنامە سوورییە ئاشکرای کردووە، شاندێکی بەشار ئەسەد، سەردانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیان کردووە کە زیاتر لە هێزە کوردییەکان پێکدێت و لە شاری قامیشلو کۆبوونەوەتەوە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو رۆژنامەیە: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی سووریا و رێککەوتنی هەسەدە و رژێمی سووریا کراوە، هەسەدەش لە دوای چەند ساڵ جەنگ ئامادەیی خۆی بۆ ناردنی شاندێکی باڵا بۆ دیمەشق نیشانداوە".
رۆژنامەی مەسدەر، لە هەواڵەکەدا ئاماژەی بەوەشداوە: "حکوومەتی سووریا و کوردەکان خەریکن ئاشت دەبنەوە. ئێستاش چەند ناوچەیەك بە هاوبەشی لە سووریا بەڕێوەدەبەن وەك رێگاکانی نێوان شارەکانی حەسەکە و حەلەب".
هەوڵەكانی هەسەدە و رژێمی سووریا بۆ رێككەوتن دوای ئەوە دێت، ئەمەریکا و تورکیا رێککەوتن بۆ وەدەرنانی هەسەدە لە شاری منبج و پێشتریش سوپای تورکیا و هێزەکانی نزیك لە تورکیا، شاری عەفرینیان داگیرکرد و زۆربەی خەڵكی ئەو شارە كوردستانییە ئاوارەبوون.
K24
