عەللاوی هەڵوێستی خۆی بەرانبەر هاوپەیمانییەكەی سائیرون و فەتح راگەیاند

عەللاوی هەڵوێستی خۆی بەرانبەر هاوپەیمانییەكەی سائیرون و فەتح راگەیاند



ئەمڕۆ شەممە هاوپەیمانیی (وەتەنیە)ی ئەیاد عەللاوی هەڵوێستی خۆی بەرانبەر هاوپەیمانیەتیە نوێیەكەی نێوان هەریەك لە هاوپەیمانیی (سائیرون)ی رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی (فەتح)ی هادی عامری راگەیاند.


هاوپەیمانی وەتەنیە پێش چەند رۆژێك بەبەشداری هاوپەیمانی رەوتی حیكمەی عەمار حەكیم، لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆكی هاوپەیمانی سائیرونی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبوونەوەیەكی لێكتری تێگەیشتنیان ئەنجام دابوو بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی و پێكهێنانی كوتلە گەورەكەی پەرلەمان، هەڵوێستی خۆی لەبارەی راگەیاندنی هاوپەیمانیەتە نوێیەكەی سائیرون و فەتح ئاشكرا كرد.


وەتەنیە رایگەیاندووە كە ئەوانە وەك پرەنسیپ هیچ هاوپەیمانییەك لەگەڵ كوتلەیەكدا نابەستن كە هێزی چەكداری لە دەرەوەی یاسادا هەبێت.


بەڵام لەبارەی راگەیاندنی هاوپەیمانیەتیە لەناكاوەكەی سائیرون و فەتحەوە ئاماژەی داوە كە سائیرون لەگەڵ سەرتاپای هێزەكانی نێو هاوپەیمانی فەتحدا هاوپەیمانی نەبەستووە، چونكە فەتح هێزی چەكداری لە دەرەوەی سوپای عێراق لەخۆ گرتووە.


وەتەنیە ئاماژەی داوە ئەوان ئاگەدارن موقتەدا سەدر تەنها لەگەڵ ڕێكخراوی بەدر كە هێزی سەرەكی نێو هاوپەیمانی فەتحە و لەلایەن هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیەتییەكەوە سەركردایەتی دەكرێت، هاوپەیمانی بەستووە. بۆ ئەمەش چرای سەوزی داگیرساندووە و پێدەچێ لێكدی تێگەیشتنە سێ قۆڵیەكەی نێوان وەتەنیە و حیكمە و سائیرون بەردەوام بێت و هەرسێ لایەن لەگەڵ ڕێكخراوی بەدری هادی عامریدا هاوپەیمانییەك پێكبهێنن و چاوەڕوانی هێزی تر بكەن بچێتە نێو هاوپەیمانییەكە بۆ تەواوكردنی كوتلە گەورەكەی پەرلەمان و دروستكردنی حكوومەتی نوێ.

bas news-
Top