13 ی حوزەیرانی سلێمانی بۆ هەمیشە وەك هێمای بەرخۆدان دەمێنێتەوە
سلێمانی وپارتی دوو عاشقی یەك ڕێبازن
وەك خەسڵەتێكی هەمیشەیی خەڵكی شاری سلێمانی و شارەكەی شێخی نەمر مەلیك مەحمود بۆ ڕێزگرتن لە شەهید و لە ئامێزگرتنیان، بێگوێدانە هیچ كەس و لایەنێك لە ترس و تۆقاندنی زەمەنەكاندا بەڕێزەوە شەهیدانیان لەسەر شانیان ناوە بەرەو سپاردنیان بەخاكی پیرۆزیی كوردستان، بەر لە 24 ساڵیش وەكو ئەمڕۆ لە 13ی حوزەیرانی ساڵی 1994 هەمان خەڵكی شاری بەئەمەك و وەفادار ویستیان وەكو ڕێزلێنانێك لە گیانی پاكی شەهیدی سەركردە عوسمان قادر منەوەر لە ڕێوڕەسمێك كە شایستەبێت بەخەبات و تێكۆشانی زیاتر لە 30 ساڵ پێشمەرگایەتی بۆ كوردو كوردستان، لەسەر بنەمای دابونەریتی كوردەواری مۆرك و پیشەیی خەڵكی ئەم شارە شەهیدناسە، وەفاداری خۆیان دەربڕن و بەشداربن لە ڕێوڕەسمی ناشتنەكەی، بەداخەوە لەلایەن گروپێكی ناحەز لە پارتێكی كوردی ڕووبەڕووی هێڕشكردنە سەر خەڵك و جەنازەكە دەبنەوە، دیارە لە مێژووی ئەم شارە قارەمانەشدا ترس و تۆقاندن نەیتوانیوە چۆك بەو شارەدا بدەن. باشترین نموونەش شەڕی بەردەركی سەراو نموونەی ئازایەتی عەولەسیس و هاوڕێیەكانی لە 6 ی ئەیلوولی 1931 و هەروەها لە 9ی حوزەیرانی 1963 لە گەرمەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولیش شار دەنگی هەڵبڕی و سروودی نەتەوەییان چڕی بۆ بارزانیی نەمرو باوكی كورد بە بەخشینی گیانیان دژی زەعیم سدیق.
هەروەها لە ساڵی 1956 دا كاتی ناشتنی تەرمی پیرۆزی باوكی خەڵكی سلێمانی و مەلیكی كوردستان شێخ مەحمودی نەمر بەهەمان شێوە جەماوەری ئەم شارە ڕژانە سەرشەقام و ڕێپێوانیان سازدا و گوللەباران كران كە تێیدا ئەختەری خێزانی ڕەشۆل شەهیدكرا، لەگەڵ ئەمانەشدا بەیانی عومەر شەریف و عەبدولی سۆران و نووری حەمە عەلی و جەزای عەلی كاتب و شەفیقی ئەحمەد ئاغا و سدیق ئەفەندی ومحەمەد دەروێش نادر و ساڵح قادر ناسراو بە ساڵەپیر و جەمالی حەلاو محیدین حەمە ڕەحیم و مولازم سەید كەریم و حەسەن حوسێن هەوێنی ئازایەتی سەرقافڵەی كوردایەتی بوون لەم شارەدا، بۆیە گوللەی نامەرد سنگی پێكان، جارێكی دیكە لە 13 ی حوزەیرانی خوێناویدا دووپاتیان كردەوە سلێمانی هەمان شارەكەی هەڵمەت و قوربانییە و سەری بەرزیان نەوی ناكەن لە ئاست گوللەی ترسنۆكەكان. ئەمە سروودی هەمیشەیی تێكۆشانی ئەم شارەیە لە ئازایەتی و خۆڕاگری شێخی بەردە قارەمان و ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر ئاوێتەی هزر و بیری نیشتیمانپەروەریان بووە و گیانبازی دەكەن و ناهێڵن خوێنی شەهیدێك بەهەدەر بڕوات و وەفاداری خۆیانی بۆ دووپات نەكەنەوە و ڕێزی لێ نەنێن.
kdp-
