گەشتیارێكی زۆر روویان لە شوێنە گەشتیارییەكان كردووە
ساڵانە لەگەڵ هاتنی هەر بۆنەیەك، گەشتیارێكی زۆر لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق، هەتا لە ئێران و توركیاوە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەمساڵیش گەشتیارێكی زۆر هاتوون و هەموو شوێنە گەشتیارییەكان پڕ بوونە و چاوەڕوان دەكرێت ژمارەی گەشتیاران لە چاو جەژنەكانی رابردوو بەرزتر ببێتەوە.
نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "دەستەی گەشتوگوزار لە هەر بۆنەیەكدا ئامادەكاریی خۆی دەكات بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران، بۆ ئەو مەبەستە پلانی ساڵانەی هەیە و بەرنامەیش بۆ بۆنەكان هەیە، لەو چوارچێوەیەدا كار كراوە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئێمە لە شارەكان ئاگادار كراونەتەوە كە ئامادەكاری بكەن بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران، هەروەها چەند لیژنەیەك دروست دەكرێن و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا دەكرێت، بۆ ئەوەی كارئاسانی بۆ گەشتیاران بكرێت، بە تایبەتی لە بازگە و شوێنەكانی دیكە، تا گەشتیارێكی زۆر روو لە هەرێمی كوردستان بكات، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لەو جەژنەدا گەشتیارێكی زۆر بێنە هەرێم".
ڕۆستی، گوتیشی: "پلانی دەستەی گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2018، ئەوەیە كە هەوڵ دەدات زیاتر لە 2 ملیۆن و نیو گەشتیار روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئێمە بەشێك لە پلانەكە جێبەجێ دەكەن، جێبەجێكردنی پلانەكە دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران، كارئاسانی بۆ كۆمپانیاكان دەكرێت بۆ ئەوەی گەشتیار بێنن، هەروەها پێویستیشە هەندێك پڕۆژەی مامناوەندی لە شوێنە گەشتیارییەكان جێبەجێ بكرێن و كۆمەڵێك شوێنی گەشتیارییش نۆژەن بكرێنەوە".
لەلایەكی دیكەوە، بارزان محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "گەشتیارێكی زۆر روویان لە شوێنە گەشتیارییەكانی دەڤەری سۆران كردووە، كە وەك هەمیشە ساڵانە گەشتیارێكی زۆر دێن بۆ ناوچەكە، ئێمەیش وەكو گەشتوگوزاری سۆران، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا ئامادەكارییەكی باشمان كردووە بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران و، چاوەڕوان دەكرێت لە چاو جەژنەكانی رابردوودا، ژمارەی گەشتیاران لەم جەژنەدا بەرزتر ببێتەوە".
kdp-
