حەشدی شەعبی، هەڵمەتی دەستگیركردنی كوردان لە كەركووك دەست پێ دهكات
لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، دۆخی ئەمنیی شاری كەركووك بە تەواوی تێك چووە و بەردەوام كردەی تیرۆریستیی لێ ئەنجام دەدرێت و خەڵكی سڤیل دەكرێنە ئامانج، بە تایبەتیش كوردەكان، چونكە حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی كورد لەو شارەدا دەكەن.
عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێك بە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا رۆییشتووە كە ئێستا دژەتیرۆری عێراقی لێیە و، نارنجۆكێكی دەستیی فڕێ داوەتە ناو هەمەرێكەوە، بەو هۆیەوە سەربازێك و دوو هاووڵاتی بریندار بوونە و دواتریش هێزە عێراقییەكان هەرەمەكی تەقەیان كردووە لە خەڵكی كردووە و دوو هاووڵاتیی دیكەیش بریندار بوونە".
كەركووكی گوتیشی: "دۆخی ئەمنیی شاری كەركووك لەوپەڕی خراپیدایە و بەردەوام كردەوەی تیرۆریستی لێ ئەنجام دەدرێت، هەروەها ستەم لەخەڵكی سڤیل دەكرێت لەلایەن هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبییەوە و پرۆسەی بەعەرەبكردنیش بەردەوامە، ئەمە جگە لەوەی كە ئێستا بە بیانووی دۆزینەوەی چەك لە ماڵان، بەنیازن هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنین وەكو پێشوو ئەنجام بدەن و هاووڵاتیانی كورد دەستگیر بكەن، چونكە ئەوان لەو هەڵمەتانەدا دەچنە گەڕەكە كوردییەكان و چەكیش دەكەنە بیانوو بۆ دەستگیركردنیان".
لە ماوەی رابردوودا، حەشدی شەعبی لە كەركووك چەندین جار هەڵمەتی گەڕان و پشكنینی بە بیانووی دۆزینەوەی چەك لە گەڕەكە كوردییەكان ئەنجام داوە و، چەندین هاووڵاتییشی دەستگیر كردوون، كە تا ئێستایش بێسەروشوێنن.
kdp-
