جیهادییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەچنە ئەفغانستان
لە دوایین رۆژی مانگی نیسانی ئەمساڵدا، ژمارەیەك رۆژنامەنووس سەرقاڵی رووماڵی تەقینەوەیەك لە ناوەڕاستی شاری كابول بوون، كاتێك لەناكاو خۆكوژێك لەناو ئاپۆڕەی رۆژنامەنووسەكاندا خۆی تەقاندەوە. حەوت كەس هەر لە شوێنی تەقینەوەكە كوژران و دوو كەسی دیكەش دواتر مردن، لە هەردوو هێرشەكەی 30ی نیساندا 26 كەس كوژران.
باڵی ئەفغانستانی داعش، ناسراو بە ویلایەتی خوراسان، وێڕای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی هێرشەكان، وێنەی دوو هێرشكەرەكەشی بڵاوكردەوە كە بە روخساری داپۆشراوەوە لە تەنیشت یەكدی وەستابوون. بەگوێرەی راگەیاندراوەكەی ویلایەتی خوراسان، هێرشكەرەكان ناویان قەعقاع ئەلكوردی و خەلیل قورەیشی بوو. راگەیەندراوەكەی داعش هیچ ئاماژەیەك بۆ ئەوە ناكات كە قەعقاع خەڵكی كام بەش یان كام شاری كوردستانە، بەڵام كوردەكانی رۆژهەڵات و باشووری كوردستان لە هەشتاكانی سەتەی رابردووەوە بۆ شەڕی دژی یەكێتیی سۆڤیەت و پاشان شەڕی دژی هاوپەیمانان و پاراستنی دەسەڵاتی تاڵیبان روویان لە ئەفغانستان كردووە.
موختار هوشمەند، شارەزای بزووتنەوە جیهادییە كوردییەكان لە رۆژهەڵات و باشووری كوردستان، بە ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر)ی راگەیاند كە قەعقاع ئەلكوردی تەمەنی 29 ساڵە و خەڵكی پارێزگای كرماشانە لە رۆژهەڵاتی كوردستان. بەگوێرەی راپۆرتەكە، پارێزگای كرماشان لە چەند ساڵی رابردوودا بەوە ناوی دەركردووە كە سەتان گەنج لەوێوە روویان لە عێراق و سووریا كردووە، تاوەكو پەیوەندی بە گرووپە توندئاژۆكانەوە بكەن، هەموو ئەوانەی لە هێرشەكانی هاوینی 2017دا خۆیان بە پەرلەمان و مەزارگەی ئایوتوڵڵا خومەینیدا تەقاندەوە، خەڵكی پارێزگای كرماشان بوون.
ژمارەیەك سەرچاوەی ئاگادار لە بزووتنەوە توندئاژۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ماڵپەڕەكەیان گوتووە كە لەدوای شكستی پڕۆژەی خەلافەت لە عێراق و سووریا، جیهادییە كوردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش روویان لە ویلایەتی خوراسانی داعش كردووە.
ئەفغانستان زیاتر لە 800 كلیۆمەتر سنووری وشكانی لەگەڵ ئێراندا هەیە، لەسەر ئەو سنوورەش ژمارەیەكی زۆر گروپی چەكداری سوننەی ئێرانی هەن كە ئێران وەك مەترسییەك لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی سەیریان دەكات. ماڵپەڕی تەسنیم كە لە سوپای پاسدارانەوە نزیكە، لە راپۆرتێكی مانگی ئایاردا بەتایبەتی پەنجە لەسەر پارێزگای فەراه لە رۆژئاوای ئەفغانستان دادەنێ كە بنكەی ناتۆی لێیە، بزووتنەوەی تاڵیبان چاوی لەسەریەتی و یەكەم بنكەی سەرهەڵدانی داعش لە ئەفغانستان بووە. نزیكەی 30%ی سنووری هاوبەشی ئێران و ئەفغانستان دەكەوێتە ئەو پارێزگایە.
رووخانی دەسەڵاتی تاڵیبان و هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر بنكەكانی قاعیدە لە ئەفغانستان، رووخانی رژێمی بەعسی عێراق لەسەر دەستی هاوپەیمانان و دەستپێكردنی شەڕی تایفی لە عێراق و دواجاریش سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆی سووریا، بوونە هۆی تەشەنەكردنی گروپە سەلەفییە جیهادییەكان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
هۆشمەند لەوبارەیەوە بە (ئەلمۆنیتەر)ی گوت: "كورد بە سێ شەپۆل روویان لە ئەفغانستان كردووە. شەپۆلی یەكەم بەشێوەیەكی سەرەكی كوردەكانی عێراق بوون كە شانبەشانی موجاهیدین لەدژی یەكێتیی سۆڤیەت شەڕیان دەكرد. شەپۆلی دووەم كوردی ئێران و عێراقی لە خۆدەگرت كە لەدوای 2002ەوە بۆ شەڕی دژی هێزەكانی ناتۆ چوونە ئەفغانستان". بە بۆچوونی هۆشمەند شەپۆلی سێیەمیان لەگەڵ سەرهەڵدانی ویلایەتی خوراسانی داعش لە سەرەتاكانی 2015 دەستیپێكرد و جەخت لەوەش دەكاتەوە كە "ژمارەی ئەو كوردانەی روو لە ئەفغانستان دەكەن بەردەوام لە زیادبووندایە".
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە گروپە جیهادییەكانی رۆژئاوای ئێران ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەكەنەوە. یەكێك لە سەرچاوەكان، كە بۆ پاراستنی خۆی نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێ، بە ماڵپەڕەكەی گوت: "ئەوە راستییەكی روون و ئاشكرایە كە پێش دەركەوتنی داعش و نوسرە، كوردە توندئاژۆكان دەچوون بۆ ئەفغانستان". سەرچاوەی دووەمیشیان دەڵێ " پاش سەرهەڵدانی نوسرە و داعش، كوردە جیهادییەكان روویان لە عێراق و سووریا كرد، بەڵام ئێستا جارێكی دیكە دەچنەوە بۆ ئەفغانستان".
سەرچاوەی دووەمیان كە ئەویش نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێ، بە (ئەلمۆنیتەر)ی گوتووە "ئەوان دەچنە زاهیدان (ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلوچستان) لە ئێران، لەوێشەوە ناوچەی سەرەڤان لە نزیك سنووری پاكستان بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی ئاودیو ببن. ئەو گروپە یان ئاودیوی پاكستان دەبن (بۆ ئەوەی لەوێوە ئاودیوی ئەفغانستان بن) یان راستەوخۆ دەچنە ئەفغانستان".
سەرهەڵدانی داعش مەترسییەكی گەورەی لەسەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان دروستكردووە، لەچەند ساڵی رابردوودا شەڕی قورس لە نێوان چەكدارانی ئەو دوو گروپە لە ئەفغانستان روویداوە. دەنگۆی هاوكارییەكانی نێوان ئێران و بزووتنەوەی تاڵیبانیش هەر پەیوەندی بە سەرهەڵدانی مەترسییەكانی داعش لە سنوورەكانی رۆژهەڵاتی ئێرانەوە هەیە. تاوەكو ئێستا شەڕ و ململانێی ئێران و گروپە تەكفیرییە كوردەكان لە رۆژئاوای ئێران بووە و هێزە ئەمنییەكانی ئێرانیش بەشێوەیەكی بەرچاو سەركەوتنیان بەدەستهێناوە، بەگوێرەی راپۆرتەكەی (ئەلمۆنیتەر)، لە داهاتوودا شەڕی ئێران و گروپە جیهادییە سوننەكان بۆ سنوورەكانی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەش دەگوازرێتەوە.
rudaw -
