ھێمن ھەورامی: هەمیشە دەگەڕێینەوە بەردەم جەماوەر
ئەمڕۆ، ١٣ی ٦ی ٢٠١٨، لە مەکتەبی سەرۆک، ھێمن ھەورامی، بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک، پێشوازیی لە مارتن زار، کونسووڵی گشتیی بەریتانیا لە ھەولێر کرد.
ھێمن ھەورامی سەرەتا تیشکی خستە سەر ئەو بابەتانەی کە عێراقی ئێستایان پێدا تێپەڕ دەبێت و سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەمبەر ئەم ڕەوشەدا. ھەورامی پێی وایە، ڕەوشی عێراق پێویستی بە سازانی حەقیقیی سیاسییە، چونکە کاتێک باسی دیموکراسی دێتە سەر فەزای سیاسی و پێکھاتەیی عێراق، ئەوا دەبێت جیاواز لە ھەر وڵاتێکی دیکە موعالەجە بکرێت و ڕەچاوی پێکھاتەی ئایینی و ئیتنی و جوگرافیایی بکرێت. بۆیە لە سەرەتادا فیدراڵی بژاردەی عێراقی نوێ بوو، چونکە زۆرینەی دەستەڵات بە مانای دووبارەکردنەوەی عێراقی پێش ٢٠٠٣یە. گوتیشی: ئێمە سیاسەت و ئەجێندامان ڕوونە و ھەموو کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لەو بارەیەوە ئاشنان، ئەجێندای ئێمەش، ئەجێندای نەتەوەیەکە و دەشێ بە جیددی ڕەچاو بکرێت، چونکە سیاسەتی کورد لە حکوومەتی عێراقدا بە مانای جێبەجێکردنی دەستووری عێراق بووە. خۆلادان لەم دەستوورە عێراقی بەم ڕەوشە گەیاندووە. بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک گوتی، ئێمە تەرەفی ساقامگیری و حکوومەتێک دەبین، کە دەستوور بەرنامەی کاری بێت، نەک مەزھەبگەری و تەبەننیکەری سیاسەتی وڵاتانی دیکە بێت.
بەشێکی دیکەی قسەکانی ھەورامی، پرسی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بوو، لەو بارەیەوە گوتی: پارتی لە جەماوەرە ھاتووە، ھەموو کات حازرین بچینەوە بەردەم جەماوەر. بۆیە کارمان لەسەر ئەو ئامادەکاریانە کردووە. مارتین زار لەو دیدارەدا خۆشحاڵیی خۆی بۆ کۆبوونەوەکە دەربڕی و ھیوای بەردەوامیی ئەو جۆرە کۆبوونەوانەی خواست.
kdp-
