ڕوونکردنەوە لەسەر دەستنیشانکردنی شوێنی کامێراکانی ھاتوچۆ دەدرێت

 ڕوونکردنەوە لەسەر دەستنیشانکردنی شوێنی کامێراکانی ھاتوچۆ دەدرێت
گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر ڕوونکردنەوە لەسەر ئەپلیکەیشنێکی مۆبایل دەدات، کە بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی کامێراکانی ھاتوچۆ بەکار دەھێنرێت.

موقەدەم فازڵ حاجی، گوتەبێژی گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر ڕایگەیاند: "ئەو ئەپلیکەیشنە پێشتر لە وڵاتانی ئەورووپا بەکارھێنراوە و سەرکەوتووش بووە، چونکە شوێنی کامێرەکان لەسەر نەخشە دیاری کراوە".

دەشڵێت: "ئەپلیکەیشنەکە لە ھەرێمی کوردستان دەتوانێت شوێنی ئەو کامێرا جێگیرانە دەستنیشان بکات، کە ڕوویان لە ئۆتۆمبێلەکەیە، بەڵام شوێنی کامێرە ناجێگیرەکانی پێ دەستنیشان ناکرێت".

موقەدەم فازڵ حاجی ڕوونیشی کردەوە، کە کامێرا ناجێگیرەکان ھەر ڕۆژە و لە شوێنێک دادەنرێن، ئەو ئەپلیکەیشنەش کە بۆ مۆبایل دادەنرێت، پەیوەندی بە مانگی دەستکردەوە نییە، تا بتوانێت دەستنیشانی کامێرا ناجێگیرەکان بکات.

پێش ئەم ئەپلیکەیشنە کە بۆ مۆبایل دادەبەزێنرێت، شۆفێران ئامێرێکیان بەکار دەھێنا، کە شوێنی کامێرا جێگیر و ناجێگیرەکانی دەستنیشان دەکرد، بە گوتەی گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێر تا ئێستاش لە بازاڕدا ھەیە، "بەڵام سەرپێچییە و بە بڕی 500 ھەزار دینار غەرامە دەکرێت".







باسنیوز
Top