یەکێتی لە ترسی بڕینی مووچەی نایاسایی کادیرانی پڕۆژەیاسای چاکسازی پەک دەخات

 یەکێتی لە ترسی بڕینی مووچەی نایاسایی کادیرانی پڕۆژەیاسای چاکسازی پەک دەخات
یەکێتی لە پێناو ڕێگەگرتن لە بڕینی مووچەی خانەنشینیی نایاسایی کادیرانی، ڕێگە بە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای چاکسازی نادات و بەو هۆیەشەوە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکەن کە ناتوانن کۆتایی بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچە بهێنن.


بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی ئەوەی لە دەرکردنی یاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینیدا، مووچەی خانەنشینیی بەشێکی زۆر لە کادیرانی یەکێتی دەبڕدرێت، ئەو حزبە پڕۆژەیاسای چاکسازی پەک خستووە و ڕێگە نادات یاساکە دەربکرێت.

لەمبارەیەوە تەحسین ئیسماعیل، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "تۆمەتبارکردنی حکوومەت بە جێبەجێنەکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی لەلایەن چەند فراکسیۆنێکەوە ڕاکردنە لە بەرپرسیارێتیی".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات پڕۆژە یاساکە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بە ھەماھەنگیی پەرلەمان ئامادە کراوە و بە جێبەجێکردنی دەتوانرا زۆرێک لە کێشە دارایی و ئابوورییەکان و بەتایبەت لەبارەی نەھێشتنی پاشەکەوت و پێدانی مووچە و رێکخستنەوەی دەرماڵەکان چارەسەر بکات".

پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی باس لەوەش دەکات کە چەند پەرلەمانتارێک، ”ئەم خولەی پەرلەمانیان کردووەتەوە خولی موزایەدە و ڕیکلام و بەشێک لە پەرلەمانتاران وای دەبینن پەرلەمان حاکمە و حکوومەت مەحکووم، لە کاتێکدا پەرلەمان و حکوومەت تەواوکەری یەکترن، دەبێت ھەردوولا لەپێناو خزمەتکردنی ھاووڵاتیاندا ھاوکار بن".

تەحیسن ئیسماعیل رڕوونیشی کردەوە: "ئەوانەی بەھۆی پڕۆژەیاسای چاکسازییەوە لە بەرژەوەندییان دەدرا، لە گرنگیی پڕۆژەکەیان کەم کردەوە و شکستیان بە دەرچوونی ھێنا، دواتریش کە ھاتەوە پەرلەمان، موزایەدەی زیاتر کرا و یەکێتی ملی نەدەدایە بەر".

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "گەڕانەوەی پڕۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان بە بیانووی مووچەی پلە باڵاکان بوو، ئەو کێشەیە بە کەمکردنەوەی ٥٠% چارەسەر کرا، بەڵام چەند لایەنێک بە یەک مادەوە نەوەستان، دەستیان بۆ زۆرێک لە مادەکان برد، ھەوڵی دروستکردنی کێشەیان دا، تەنیا بۆ ئەوەی یاساکە تێنەپەڕێت".

لەبارەی ئەوەی چ فراکسیۆنێک ھۆکاری سەرەکیی دروستکردنی بەربەستە لەبەردەم پڕۆژە یاساکە؟ تەحسن ئیسماعیل پێی وابوو کە دۆخی کوردستان بە شێوەیەکە کە ناتوانرێت بەڕاستی ھەموو شتەکان بگوترێت، بەڵام ”من گلەیی زۆرم لە فراکسیۆنی یەکێتی ھەیە، بەر لە ھەڵبژاردنی عێراق، ڕێگرییان لە تێپەڕاندنی پڕۆژەکە کرد، بەڵێنیان دا دوای ھەڵبژاردن پڕۆژەکە تێپەڕێت، بەڵام ھەر جارە و بە بیانوویەک کێشەکان زیاتر کران".

پێشتر مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە دیدارێکیدا ، دانی بەوەدا نا کە دەرکردنی ئەو یاسایە ”گەورەترین مەترسییە بۆ یەکێتی“، چونکە مووچەی هەزاران کادیری یەکێتی لەسەر لیستی خانەنشینییە و بە بڕینی مووچەی خانەنشینانی نایاسایی، مووچەی هەزاران کادیری یەکێتی دەبڕێت.

لە ماوەی ڕابردوودا چەندان جار، بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر پڕۆژە یاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی لە پەرلەمانی کوردستان دەربکرێت، ئەوا پاشەکەوتی مووچە بە تەواوی کۆتایی دێت و ملیارەها دینار بۆ خەزێنەی گشتیی حکوومەت دەگەڕێتەوە.










باسنیوز
Top