فراكسیۆنی پارتی لەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی ئامادەی هەموو جۆرە هەماهەنگییەكە

 فراكسیۆنی پارتی لەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی ئامادەی هەموو جۆرە هەماهەنگییەكە
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات ناكۆكییەكی گەورە لە نێوان فراكسیۆنەكان لەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی نییە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات پەرلەمان دەیەوێت پڕۆژە یاساكە بە شێوەیەك بێت کە لە پەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا بێت.


نازم هەركی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند پڕۆژە یاسای چاكسازی پێش ئەوەی بێتە پەرلەمان، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە كاری زۆری لەسەر كراوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات پڕۆژەكە پەیوەندییەكی راستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، هەر بۆیە فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان سوورە لەسەر تێپەڕاندنی، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنەكان كراوە.

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت پڕۆژەیاسای چاكسازی بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم فراكسیینەكان بە ئامادەبوونی حكوومەت تێپەڕێنرێت، پێویستە پڕۆژەكە واقعیانە بێت و حكوومەت بتوانێت جێبەجێی بكات، ئەگەر پڕۆژەكە بەدەر لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن بێت، هیچ سوودێكی بۆ هاووڵاتیان نابێت".

لەبارەی هۆكارەكانی درەنگكەوتنی پەسەندكردنی پڕۆژەكە لە پەرلەمان، نازم هەركی ڕوونی كردەوە كە هەموو ئەو پڕۆژانەی بە لایەنی دارایی و ئابورییەوە گرێ دراون، وتووێژی زۆریان لەسەر كراوە، "ئەو پڕۆژە یاسایانە بەبێ ئامادەبوونی حكوومەت لە كۆوبونەوەكەكاندا ناڕۆن".

لەلایەكی دیكەوە هیڤا حاجی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند داوی جەژنی ڕەمەزان پەرلەمانی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساكە کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات".

بڕیاردەری لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری، جەختی كردەوە كە فراكسیۆنی پارتی زۆر بەلایەوە گرنگە ئەو پڕۆژەیاسایە تێپەڕێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیە چاوەڕێی رەزامەندیی فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمان بكات".

بەپێی زانیارییەكان بە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان نزیكەی یەك ملیار دینار دەگەڕێتەوە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لەم رێگەیەوە دەتوانرێت پاشەكەوتی مووچە هەڵبگیرێت، ئەمە جگەلەوەی لە ناو پڕۆژە یاساكە باس لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئمتیازاتەكانی دیكە كراوە كە لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەبێت".










باسنیوز
Top