عەلا مەككی: ھەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكان و دەرەوە، ستەمێكی گەورەیە

عەلا مەككی: ھەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكان و دەرەوە، ستەمێكی گەورەیە
سەركردەیەكی پارتی ویفاقی نیشتیمانی بە سەرۆكایەتیی ئەیاد عەللاوی، دەڵێ، ھیچ لایەنێك بۆی نییە دەنگی خەڵك ھەڵوەشێنێتەوە و، ھەڵوەشاندنەوەی دەنگی تایبەت و ئاوارەكان و دەرەوەیش، ستەمێكی گەورەیە لە دەنگدەر و خەڵكی عێراق و ھەرێمی كوردستان دەكرێت، بۆیە پێویستە دادگای فیدراڵی ئەو كێشەیە چارە بكات.

پەرلەمانی عێراق، یاسای ھەڵبژاردنی ھەموار كردەوە و تێیدا داوای كردووە جارێكی دیكە دەنگەكانی ھەموو عێراق بە دەست ھەژمار بكرێنەوە، هەروەها دەنگدانی تایبەتی كوردستان و ئاوارەكان و دەرەوەیشی ھەڵوەشاندەوە.

لەو بارەیەوە، سەركردەی پارتی ویفاقی نیشتیمانی، عەلا مەككی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوانەی خۆیان بە دۆڕاو لەو ھەڵبژاردنە دەزانن، ھەڵسان ئەو بڕیارانەیان لە پەرلەمان دەركرد، لەبەر ئەوەی ھیچ ھەڵبژاردنێك نییە كە دەستكاری نەكرێت و یاریی پێ نەكرێت، بەڵام بڕیارەكانی پەرلەمان ناتوانێ گۆڕانكارییەكی زۆر لە ئەنجامەكاندا دروست بكات و، رەنگە ھەندێك كەسی دیكە سەر بكەون و ھەندێكیش دەرنەچن كە دەرچوون، بەڵام بە گشتی ھیچ لە ئەنجامەكان ناگۆڕێت".

مەككی گوتیشی: "لە دەستوور و یاسای ھەڵبژاردنیشدا نەھاتووە كە پەرلەمان بتوانێ دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكان و ئەوانەی دەرەوە ھەڵوەشێندرێتەوە، بەڵام ئەوانەی پەرلەمان بە زۆرینە ئەو بڕیارەیان داوە و بەداخەوە لە دوای ٢٠٠٣ـوە لە عێراق ھەموو بڕیارەكان بە زۆرینە دەدرێن و تێدەپەڕێندرێن ".

دەشڵێ: "ھیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان ھەڵوەشێنێتەوە و دەتواندرێت ئەو داواكارییە ئاراستەی دادگای فیدراڵی بكرێت و ئەوان ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە، چونكە پەرلەمان بۆی نییە ئەنجامەكان ھەڵوەشێنێتەوە".

ئەو سەركردەی پارتەكەی عەللاوی ئاماژەیشی دا: "ھەڵوەشاندنەوەی دەنگی خەڵك كە مافی خۆیەتی دەنگ بدات، ستەمێكی گەورەیە لە خەڵكی عێراق و ھەرێمی كوردستان دەكرێت و دۆخی عێراقیش بە شێوەیەكە كە خەڵك ناتوانێ رای خۆی دەرببڕێت و لە رێگەی خۆپێشاندان و گردبوونەوەوە داواكاریی خۆی بخاتە ڕوو، بۆیە ھیوادارین گۆڕانكاری سیاسی ڕوو بدات و خەڵك بتوانێ مافی خۆی بەدەست بێنێت، بۆ ئەوەی دۆخەكەیش لەمە خراپتر نەبێت، پێویستە بە زووترین كات ئەو كێشەیە چارە بكرێت".

لە ١٢ی ئایاری رابردوودا، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا و بەشێكی زۆری ئەو پەرلەمانتارانەی جارێكی دیكە خۆیان بۆ پەرلەمان كاندید كردبوو، شكستیان ھێنا و نەیانتوانی جارێكی دیكە ببنەوە پەرلەمانتار، یەكێك لەوانەش سەرۆكی پەرلەمانە، بۆیە ھەڵسان بە ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكان و ئەو بڕیارانەیان دەركرد.
kdp-
Top