بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر

 بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر
رۆژی هەینیی رابردوو، بەرپرسانی ئەمنیی هەرێمی كوردستان رایانگەیاند كە عەلی بەشار لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە رەوانەی ئەڵمانیا كراوەتەوە، دوای ئەوەی دانی بەوەدا نابوو كە دەستدرێژی كردووەتە سەر كچێكی تەمەن 14 ساڵی ئەڵمانی و پاشان كوشتوویەتی. عەلی و خێزانەكەی بە پاسپۆرتی ساختە لە دوسڵدۆرفی ئەڵمانیاوە هاتبوونە ئیستەنبوڵ و لەوێوە بۆ هەولێر، لە هەولێریشەوە روویان لە زاخۆ كردبوو.

تۆمەتبارە كوردەكە رۆژی هەینی لەسەر داوای وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیا لەلایەن پۆلیسی دهۆكەوە دەستگیركرا. تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆك بە (رووداو)ی راگەیاند كە تۆمەتبارەكە دانی بە تاوانی كوشتنی كچێكی 14 ساڵانی ئەڵمانیدا ناوە، دوای ئەوەی دەستدرێژی كردبووە سەر. كچە كوژراوەكە ناوی سوزانا ماریا فێڵدمان و خەڵكی شاری ماینتسە، بەڵام تەرمەكەی لە نزیك ڤیسبادن، ئەو شارەی كەمپەكەی عەلی لێیە، دۆزرابووەوە.

رۆژی 23ی ئایار، دایكی سوزانا پەیوەندی بە پۆلیسی شارەكەیانەوە دەكات بۆ ئەوەی لە دیارنەمانی كچەكەی ئاگاداریان بكاتەوە. تەرمی سوزانا لە نزیك هێڵێكی شەمەندەفەر دەدۆزرێتەوە و دەزگای دادوەریی ئەڵمانیاش هۆكاری مردنەكەی بۆ "خنكان" دەگەڕێنێتەوە.

لە نێوان حكومەتی عێراق و ئەڵمانیادا هیچ پەیماننامەیەكی رادەستكردنەوەی تاوانباران نییە، بەم حاڵەشەوە عەلی بەشار بە خێرایی و دوای دەستگیركردن و داننان بە تاوانەكەیدا بە فڕۆكەی كۆمپانیای لوفتهانزای ئەڵمانی رەوانەی فرانكفۆرت كرایەوە.

رۆژنامەی (بیڵد)ی ئەڵمانی ئاشكرای كردووە كە دیتەر رۆمان، سەرۆكی پۆلیسی ئەڵمانیا، بە شەخسی هاتووەتە هەولێر بۆ ئەوەی بە هاوكاریی هێزە ئەمنییەكانی كوردستان رادەستكردنەوەی تۆمەتبارەكە ئاسانتر بكەن. رۆژنامە ئەڵمانییەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە دیتەر پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی عێراقدا هەیە.

تاریق ئەحمەد بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی راگەیاند كە "عەلی گوتی ئەوان هاوڕێ بوون، بەڵام مشتومڕ لە نێوانیاندا دروستبووە و دواتر كە كچەكە هەڕەشەی پەیوەندیكردن بە پۆلیسی كردووە، عەلی لە ترسان كوشتوویەتی".

تۆمەتبارەكە لە ساڵی 2015 لەگەڵ خێزانەكەی و پێنج خوشك و برای گەیشتوونەتە ئەڵمانیا. عەلی یەكێك لەو هەزاران پەناخوازانە بووە كە كەیسەكەی لەلایەن فەرمانگەی كۆچی ئەڵمانیاوە رەتكرابووەوە و بڕیار بووە لە كانوونی یەكەمی 2016 دیپۆرت بكرێتەوە، بەڵام دواتر توانیبووی مافی مانەوەی كاتی وەربگرێ و هەر ئەمەش بڕیاری دیپۆرتكردنەوەكەی دواخستبوو.

بە گوێرەی راپۆرتێكی (فرانس پرێس)، عەلی پێشتریش چەندینجار كێشەی بۆ پۆلیسی ناوچەكە دروستكردووە، لەوانەش بەهۆی شەڕ، دزی و هەبوونی بۆكس خەنجەر لێپرسینەوەی لەگەڵ كرابوو.

ناوی تۆمەتبارە كوردەكە لەناو ئەو كەسانەش دایە كە گومان دەكرێ لە كەمپی كۆچبەران دەستدرێژییان كردبێتە سەر كچێكی تەمەن 11 ساڵ. بەرپرسی پۆلیسی ناوچەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە ئەو كەسەی دەستدرێژی كردووەتە سەر كچە 11 ساڵانەكە ناوی عەلی بووە، "بەڵام چوار كەس بەناوی عەلی لەو باڵەخانەیەی كۆچبەراندا هەبوون".

هۆرست زیهۆفەر، وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا، وێڕای سوپاس لە دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "دڵخۆشم بەوەی گومانلێكراوەكە كە گەڕێنراوەتەوە ئەڵمانیا و هیوادارم بە خێرایی دادگایی بكرێ". گەنجە تۆمەتبارەكە شەوی شەممە گەیشتەوە ئەڵمانیا و هەر لەگەڵ دابەزینی لە فڕۆكەكە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە، دواتریش بە هەلیكۆپتەر رەوانەی بنكەی پۆلیسی ڤیسبادن كراوە.

پێشتر (رووداو) قسەی لەگەڵ هاوپیشەیەكی عەلی لە ڤیسبادن كردبوو. سەرچاوەكە كە داوای كردبوو ناوی ئاشكرا نەكرێ بە (رووداو)ی راگەیاند "ساڵ و نیوێك لەمەوبەر ئەو كوڕە هاتە ئێرە و ویستی لێرە كار بكات، ئەو خۆی وەكو خەڵكی زاخۆ ناساند". سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە "چەند رۆژ لەمەوبەر بەرپرسەكەمان لەگەڵ پۆلیس هاتنە ئێرە، ئەوان وێنەی عەلییان پیشان دام و پرسیاریان كرد ئاخۆ دەیناسم یان نا. منیش گوتم دەیناسم و خەڵكی زاخۆیە".

كوژرانی سوزانا هەرایەكی گەورەی لە ئەڵمانیا دروستكرد. رۆژی شەممەی رابردوو رێپێوانێك لە شاری ماینتس سازكرا و یەك خولەك بێدەنگیش بۆ یادكردنەوەی قوربانییەكە وەستان.







رووداو -
Top