ھۆشیار زێباری: عەبادی بەرپرسە لە پاراستنی سندووقەکانی دەنگدان
ھۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، رایگەیاندووە، بەبێ لێکۆڵینەوەیەکی پیشەییانە و زانینی دەرکەوتەکانی سووتاندنی سندووقەکانی دەنگدان، سیاسەتمەدارە شکستخواردووەکانی بەغدا بە ”حوکمدانی پێشوەختە و بەیاننامەی ئامادە“، داوای دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن دەکەن.
ھۆشیار زێباری ھەروەھا رایگەیاندووە، داواکردنی دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو لایەنانە ”نیازیان خراپە“ و دەیانەوێ ھەموو شتێک وێران بکەن.
ئەو سەرکردەیەی پارتی دڵنیایی لەوە دەدات، کە ئەو سیاسەتمەدار شکستخواردووانە ”ھەرگیز ناگەڕێنەوە، چونکە گەل رەتی کردوونەتەوە و سزای داون“.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ١٠/٦/٢٠١٨، ھەموو سندووقەکانی دەنگدان، کە پڕ بوون لە دەنگی ھاووڵاتییان و بڕیاربوو بە دەست ھەژمار بکرێنەوە، لە کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە بەغدا، لە رووداوێکی تەمومژاویدا سووتان.
چاودێران پێیان وایە بە سووتاندنی ئەو کۆگایە، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی عێراق قووڵتر دەبنەوە و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتیش تا کاتێکی نادیار دوا دەکەوێت و بەشێک لە سیاسەتمەدارانیش باس لە ئەگەری دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە عێراق دەکەن.
رۆژی شەممە ١٢/٥/٢٠١٨ پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە ھەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و ھەرێمی کوردستان ئەنجام درا.
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، بەشێک لە لایەنە سیاسییە عێراقی و کوردستانییەکان ئەنجامەکانیان رەت کردەوە و رایانگەیاند، کە ساختەکارییەکی زۆر لە ژماردنی دەنگەکان بەشێوازی ئەلیکترۆنی کراوە و داوایان کرد دەنگەکان بە دەست ھەژمار بکرێنەوە.
باسنیوز
