كه‌وڵۆسی: "تا تاکڕۆیی لە حوکمی عێراقدا هەبێت ناسەقامگیری زیاتر دەبێت"
له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا په‌رله‌مانی عێراق له دانیشتنێكیدا كه یاساناسان به پێشێلی ده‌ستوور ناوزه‌دیان كرد، بڕیاری دا به هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگی ده‌نگده‌ران و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگی تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌نگی ده‌نگه‌رانی ئاواره و ڕه‌وه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی، سه‌رۆكی چاوی كورد بۆ پرسه سیاسییه‌كان به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگی ده‌نگده‌رانی عێراق هیچ گۆڕانكارییەكی جه‌وهه‌ری ناكاته سه‌ر پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، وەک ئه‌وه‌ی كه حزبه بچووكه‌كان چاوه‌ڕێی دەكه‌ن، چونكه موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی لیسی سائیرۆن ڕایگه‌یاند: "هه‌ژماركردنه‌وه‌ی دەستیی ده‌نگه‌كان كاریگه‌ریی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر ئەو كورسییانەی ئێستامان نابێت."
چاودێرانی سیاسی پێیان وایه نابێ چه‌ند حزبێكی كورد، گره‌و له‌سه‌ر هه‌ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به ده‌ستی بكەن، چونكه گۆڕانكاری له لیسته‌كاندا نایه‌ته کایەوە بەو شێوەیەی ئەوان چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن.
سه‌رۆكی چاوی كورد بڕوای وایه: "نابێ كورد گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وە بكات كه ده‌نگه‌كان به ده‌ست ده‌ژمێردرێنه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی خۆیان ڕێك بخه‌ن بۆ شێوازی به‌شدارییان له حكوومه‌تی نوێی عێراقدا به‌یه‌كه‌وه، كه تا ئه‌وكاته‌ی ئێمه له چوارچێوه‌ی عێراقدا بین ده‌بێ حزوورمان هه‌بێت، بۆ وه‌رگرتنی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له به‌غدا، بوونمان له به‌غدا خواستی كورد نییه، ئه‌وه‌ندەی خواستێكی نێوده‌وڵه‌تی و كاتییه".
هه‌میشه له عێراقدا شیعه و سوننه كه له حكوم بوون هه‌وڵیان بۆ یه‌كترسڕینه‌وه و تۆڵه‌كردنه‌وه له یه‌كتری بووه به ئه‌قڵیه‌تیی سیاسی توند و تۆڵەئەستێن حوكمڕانییان كردووه."
سه‌رۆكی چاوی كورد ده‌ڵێ: "هه‌میشه سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌بی سوننه، یان شیعه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان تاكڕه‌وی دروست بكه‌ن، له سه‌رده‌می مالیكی‌دا تازه حكوومه‌تی سوننەی تاكڕه‌و بە سه‌ركردایه‌تیی سه‌ددام حوسێن ڕووخابوو، حكوومه‌تی شیعه هاتبووه سه‌رحوكم کە باسی له حكوومه‌تی زۆرینه ده‌كرد، بۆیه ئێستا‌ش هه‌وڵی دروستكردنی حكوومه‌تی زۆرینه‌ی شیعه ده‌درێت."
له پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا كورد و سوننه هه‌میشه هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه له پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا خۆیان بگونجێنن له‌گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی پێڕه‌و ده‌كرێت، ده‌ستیشیان هه‌بێت له ڕێگه‌گرتن له دروستبونی حكوومه‌تی تاكڕه‌و له عێراقدا.
كه‌وڵۆسی هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات: "تا ئێستا كورد و سوننه هه‌وڵیان داوه، خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه بگونجێنن كه پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقی تێكه‌وتووه، كه خواستێكی نێوده‌وڵه‌تیشی هه‌یه، نه‌ك ئه‌و حوكمه‌ی كه خۆیان مه‌به‌ستیانه".
به هۆی پشتگوێخستنی سوننه‌كان له پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا ساڵی 2014 داعش دروست بوو كه بووه هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی پارێزگا سوننییه‌كانی عێراق داگیر بكات. كه‌وڵۆسی دەڵێت: "له پشتگوێخستنی سوننه‌كاندا له عێراق هه‌میشه ئه‌گه‌ری جارێكی دیكه په‌ره‌دان به گرووپی چه‌كداری و ته‌قینه‌وه‌كان هه‌یه، ئێستا دیمه‌نی ته‌قینه‌وه‌كان و جووڵه‌ی گرووپه‌كان وامان پێ ده‌ڵێت."
kdp -
