سبەینێ، لیستی قەوارەكان دەدرێتە ئەنجوومەنی كۆمیسیاران
رۆژی 8ی مانگی رابرد، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30ی ئەیلوولی بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە.
نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە 1/7/2018ـەوە دەست پێدەكات و تاوەكو 31/7/2018 بەردەوام دەبێت، لەو ماوەیەدا هاووڵاتیان دەتوانن بە مەبەستی نوێكردنەوە، گۆڕین، گواستنەوە و زیادكردنی ناوەكانیان، سەردانی بنكەكان بكەن.
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "رۆژی پێنجشەممە 7/6، تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان تەواو بوو و زیاتر لە 35 قەوارەی سیاسی خۆیان تۆمار كردووە، ئەمڕۆیش وردبینییان بۆ دەكەین و بەیانی پێشكەشی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی دەكەین بۆ ئەوەی پەسەند بكرێن".
حەسەن گوتیشی: "بۆ هاوپەیمانێتییش لە 18ی ئەم مانگەوە تا 20ی مانگ، دەست بە پێشكەشكردنی هاوپەیمانەتی دەكرێت و داواكارییەكان وەردەگرین، جا هەر قەوارەیەكی سیاسی، یان چەند قەوارەیەك بیانەوێت هاوپەیمانێتی دروست بكەن، سەربەستن".
kdp
