بەرپرسێکی ھێزەکانی حەفتا: رەفتارەکانی گۆڕان وایکرد پێشمەرگە دەنگیان پێ نەدات
عەمید ئەحمەد لەتیف، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی ٧٠ی سەربە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ”ھەڵوەشاندنەوەی دەنگە تایبەتەکانی کوردستان، دژی دەستوورە و پێچەوانەی مافی مرۆڤە، لەکاتێکدا دەنگی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ھەژمار دەکرێت، بەڵام دەنگی ھێزە تایبەتەکانی ھەرێمی کوردستان پوچەڵ دەکرێتەوە، بۆیە بە ھەمووشێوەیەک ئێمە دژی ھەڵوەشاندنەوەی دەنگی ھێزەتایبەتەکانی کوردستان دەوەستینەوە“.
بەرپرسەکەی راگەیاندنی ھێزەکانی ٧٠، ئەوەشی خستە روو، کە ھەڵوەشاندنەوەی دەنگە تایبەتەکانی کوردستان، بە پلانێکی دوژمنکارانەی دەزانن، ھەرچەندە لەکاتی دەنگدانی تایبەتدا ”ھیچ خروقاتێک نەکراوە، تاوەکوو دەنگەکان پووچەڵ بکرێنەوە“. دەشڵێگ: ”ئەگەر خورقاتێک کراوە، دادگا و کۆمسیۆن ھەیە، دەتوانن تانە لەو دەنگدانە بدەن، بۆیە ئەوەی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بێت، ئەوکات ئێمە ملکەچی دەبین، بەڵام ئەوەی پێچەوانەی یاسا و دەستوور بێت، ئێمە دژی دەوەستینەوە قبوڵی ناکەین“.
ئاشکراشی کرد، کە ھەر لایەنێکی سیاسی ھەوڵی ناشیرینکردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بدا، کارێکی خراپ دەکات، چونکە ھێزی پێشمەرگە دڵسۆزترین توێژی ئەم وڵاتەیە، ئەو ھێزە دژی گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی شەڕی کردووە. گوتیشی: ”ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان پێی وایە ھێزی پێشمەرگە دەنگدەری ئەو نییە، بەھۆی ڕەفتارەکانی خۆیەتی، چونکە ھێزی پێشمەرگە نابێتە دەنگدەری ئەوان“.
عەمید ئەحمەد لەتیف، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی ٧٠ باسیشی لە وەسفکردنی پێشمەرگە بە ”میلیشیا و ئەنفالچی“ لەلایەن گۆڕانەوە کرد و نەیشاردەوە کە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ”وەڵامی ئەو قسە نەشیاوانەی داوەتەوە“. دووپاتیشی کردەوە: ”لە دەنگدانەکاندا دیارە کە ھێزی پێشمەرگە بەرامبەر بەو لێدوان و بۆچوونانە چ جۆرە ھەڵوێستێکی ھەبووە“. بە گوتەی ئەو: ”ئەو وێنانەی گۆڕان، کۆمەڵ و ھاوپەیمانی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاو دەبێتەوە، قسەی من و تۆ نییە، وێنەکان خۆیان دەڵێن ئەوانە بۆ دژایەتیکردنی کورد، رێککەوتوون یان نا؟".
باسنیوز
