سەرکردەیەکی گۆڕان: لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی شەڕە جنێو ڕووی داوە
سەرکردەیەکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: ”کۆبوونەوەی شەممەی ڕابردووی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی ئەنجامدرا و کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی سەرپەرشتی دەکرد، دەمەقاڵێ لە نێوان سەرکردەکان ڕووی داوە و بەو ھۆیەوە کۆتایی بە کۆبوونەوەکە ھێنراوە“.
ڕوونیشی کردەوە، کە ئەو سەرکردانەی یەکێتی کە بەرگری لە بەرھەم ساڵح دەکەن، لە (مەحموود سەنگاوی، عەدنانی حەمەی مینا، حامدی حاجی غالی و حەمەی حەمەسەعید)ن، بۆیە کاتێکی مەلا بەختیار لە کۆبوونەوەکەدا قسەی لەسەر کردوون بەوەی پشتگیرییان لە بەرھەم ساڵح کردووە و ئیشیان بۆ یەکێتی نەکردووە، ھەر لەو کاتەدا مەحموود سەنگاوی جنێو بە مەلا بەختیار دەدا و هەڕەشەی لێ دەکات.
سەرکردەکەی گۆڕان دەڵێ: ”ھەزار جنێو و بێڕێزییان بەیەک کردووە“. گوتیشی: ”یەکێتی بە ئێمە دەڵێن تووشی نسکۆ دەبن، بەڵام ئەوە حاڵی خۆیانە و ئەنجامیشیان بەرەو خراپی دەڕوات، چونکە مەڵبەندەکانی ڕانیە، چەمچەماڵ، هەڵەبجە و گەرمیان کە بەرپرسانیان لایەنگری بەرھەم ساڵح بوون، گۆڕیویانن، بەشێکی دەمەقاڵییەکانی ناو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیش لەسەر ئەوە بووە، بەشێکی دیکەشی بەھۆی کێشە و گرفتی کۆنترەوە بووە و لە ئەنجامدا ھەڵپرژان و بێڕێزیی زۆریان بەیەکتر کردووە“.
لەبارەی باڵەکانی ناو یەکێتی نیشتمانییەوە، ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاشکرای کرد: ”ھەر لە ناو بنەماڵەی تاڵەبانیدا دوو باڵ ھەیە، ھەروەھا باڵی کۆسرەت ڕەسووڵ کە لەم ھەڵبژاردنەدا تەنیا ئافرەتیکیان بە دەنگی کۆتا دەرچوو، جگە لە باڵی بەرھەم ساڵح کە خۆی چووەتە دەرەوە، بەڵام چواردەورەکەی لە ناو یەکێتیدا ماوە کە کۆمەڵێک لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسین، ھەروەھا کادیرە وەسەتەکان و چینی خوارەوەی یەکێتی کە بەرھەم تێیدا بەھێزە“.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو سەرکردەیەی گۆڕان گوتی: ”یەکێتی حزبی سیاسی نییە، تەنیا کۆمپانیایەکە بۆ پارە پەیدا کردن، چونکە کاتی خۆی ئەگەر حزبی سیاسی بوایە، ئێمە وازما لێ نەدەھێنا“.
باسنیوز
