واده‌ى قه‌ده‌غه‌كردنى ڕاوكردنى ماسى درێژ ناكرێته‌وه
هه‌فته‌ى داهاتوو واده‌ى قه‌ده‌غه‌كردنى ماسى كۆتایى دێت و كۆتهبێژى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى ڕاپه‌ڕینیش، ده‌ڵێت ”تائێستا هیچ نووسراوێكمان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه كه واده‌كه دێژ بكرێته‌وه“.
جه‌بار ئاده‌م، گوته‌بێژى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى ڕاپه‌ڕین، ڕاگه‌یاند: ”له‌سه‌ره‌تاى وه‌زرى قه‌ده‌غه‌كردنى ڕاوى ماسى تا ئێستا زیاتر له 60 كه‌س به تۆمه‌تى ڕاوكردنى ماسى له ده‌ریاچه و ڕوبارهكانى سنوورى ئیداره‌ى ڕاپه‌ڕین ده‌ستگیر كراون و ڕوبه‌ڕووى لێپرسینه‌وه‌و دادگا‌و غه‌رامه‌كردن كراونه‌ته‌وه".
گوتەبێژى پۆلیسى دارستان و ژینگەى ڕاپەڕین، ئەوەشی خستە روو، کە به‌پێى بڕیارى هاوبه‌شى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و كشتوكاڵ واده‌ى قه‌ده‌غه‌كردنى ڕاوى ماسى له هه‌ینى داهاتوو كۆتایى دێت، ڕاوكردنى ماسى ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه، دەشڵێت: ”داوكارییهك له‌لایه‌ن هه‌ندێ له ڕاوچیان هه‌یه كه به‌هۆى ئه‌وه‌ى جه‌ژن ده‌كه‌وێته واده‌ى ته‌واوبوونى ڕاوكردن و هاووڵاتیان و گه‌شتیاران ڕاوى ماسى ده‌كه‌ن و زیانیان پێده‌گه‌یه‌نن واده‌كه چه‌ند ڕۆژێك درێژ بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه له ده‌سڵاتى ئێمه‌دا نییه و ده‌بێت لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار بڕیار بدات و نووسراومان بۆ بنێرێت“.
لاى خۆشیه‌وه محه‌مه‌د تاهیر جه‌لال، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌نداوى دوكان به (باس‌نیوز)ى ڕاگه‌یاند: ”دواى لێكۆڵینه‌وه بۆمان ده‌ركه‌وت زۆربه‌ى ئه‌و ماسییانهى به‌هۆى وشكردنى زێى بچووك له‌لاین ئێرانه‌وه مردوون، ماسیه‌كانى ناو ده‌ربه‌ندى ڕانیهبوون. كه به‌شێكه له به‌نداوى دوكان به‌مه‌به‌ستى دانانى گه‌را كه زیاتر ئاره‌زوو ده‌كات له ڕوباره‌كان دایبنێت چوونه‌ته ناو زێى بچووك“.
bas news-
