سلێمانی.. لە دوو ڕووداوی تەقەكردندا چوار كەس بوونە قوربانی

 سلێمانی.. لە دوو ڕووداوی تەقەكردندا چوار كەس بوونە قوربانی
لە سلێمانی و لە دوو ڕووداوی تەقەكردندا دووكەس كوژرا و دوو كەسی تریش بریندار بوون.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، لە راگەیاندراوێکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، رای گەیاندووە کە شەوی ڕابردوو 7 لەسەر 8\6\2018، لەگەڕەكی وڵوبە لەشاری سلێمانی لە ئەنجامی تەقەكردنەوە هاووڵاتی (ك ، ع ، ش ) لە دایكبوی 1989 ، كوژرا و كەسێكیش بریندار بوو.

پۆلیسی سلێمانی، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس تەرمی كوژراوەكە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری لەشاری سلێمانی كراو بریندارەكەش گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن و لەئێستاش پەڕاوی لێكۆڵینەوە لە لایەن بنكەی پۆلیسی برایم ئەحمەدەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە.

ئاشکراشی کردووە، هەر هەمان شەو، لەسەر ڕێگای 60 مەتری و نزیك شوقەكانی گۆیژە سیتی لەلایەن ئۆتۆمبێلێكەوە تەقە لە ئۆتۆمبێلێكی تر دەكرێت و بەو هۆیەوە دوو هاوڵاتی بریندار دەبن.

دوای گواستنەوەی برینداران بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە هاوڵاتی (پ ، ر ، ع ) لەدایكبووی 1957 گیانی لەدەست داوە.
پۆلیسی سلێمانی، جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە لەئێستا لەلایەن بنكەی پۆلیس ئازادییەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە كراوەتەوەو لێكۆڵینەوەی ورد بەردەوامە.








باسنيوز
Top