شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵه له‌نێوان دادوه‌ره‌كان و ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران دروست بوو
ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ریی عێراق، له‌باره‌ى بڕیاره‌كه‌ى دوێنێ په‌رله‌مان كه بڕیار دراوه به جیاكردنه‌وه و ژماردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى 12ى ئایار به‌ڕێژه‌ى 100% به‌ده‌ست، لیژنه‌یه‌كی دادوه‌ریی پێكهێنا بۆ ئه‌وه‌ى جێگه‌ى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان بگرێته‌وه.
گوته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریی عێراق له ڕاگه‌یاندراوێكدا كه ئه‌مڕۆ 7/ 6/ 2018 ده‌رچووه، ڕای گه‌یاندووه، بۆ جێبه‌جێكردنى یاسای هه‌مواركردنه‌وه‌ى سێیه‌مى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان كه دوێنێ 6/ 6/ 2018 ده‌ركراوه، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ریی چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد.
یه‌كێك له بڕیاره‌كان بریتییه له پێكهێنانى لیژنه‌یه‌ك له سه‌رۆكى داواكارى گشتیی و سه‌رۆكى ده‌سته‌ى سه‌رپه‌رشتی دادوه‌ریی و یه‌كێك له سه‌رپه‌رشتیاره دادوه‌رییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى به‌په‌له بچنه بیناى كۆمسیۆن به‌مه‌به‌ستى جێبه‌جێكردنى ئه‌ركه‌كه‌یان به‌پێی یاساكه و ڕێكارى ته‌واو به‌رامبه‌ر هه‌موو سندوقه‌كانى ده‌نگدان له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكان بگرنه‌به‌ر.
به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌كاتى چوونى دادوه‌ره‌كان بۆ باره‌گاى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان، شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵه له‌نێوان دادوه‌ره‌كان و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران، دروست ده‌بێت.
باسنيوز
