كێلەشین.. دوو كۆڵبەر بە دەستڕێژی سوپای پاسداران بوونە قوربانی
عەمید عیماد كەنعان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران، لەمبارەوە رايگەیاند: "كاتژمێر 10ی شەوی ڕابردوو 6-6-2018 تیمەكانمان لە بنكەی بەرگریی شارستانیی سیدەكان، ئاگادار كرانەوە، كە 16 كۆڵبەری رۆژهەڵاتی كوردستان، لەكاتی دەربازبوونیان لە سنووری كێلەشین، لە دەڤەری شارەدێی سیدەكان و سنووری شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان، كەوتونەتە بەر دەستڕێژی سوپای پاسدارانی سەر بە ئێران، لە ئەنجامدا دوو كۆڵبەری خەڵكی شاری ورمێ بە ناوەكانی (ش- ج) تەمەن 32 ساڵ، (د- ئ) تەمەن 28 ساڵ، بە سەختی بریندار بوون ".
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، گوتیشی: "هەر دوو بریندارەكە كاتژمێر 12ی شەوی رابردوو گەیاندرانە بنكەی تەندروستیی سیدەكان، دواتر بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گواسترانەوە بۆ نەخۆشانەی فریاكەوتنی سۆران و تا ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشكی دان و تەندروستییان جێگیرە".
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەناگو) لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو تەنیا لە سنووری کێڵەشین بە تەقە و دەستڕێژی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران بۆ سەر کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کۆڵبەر کوژراون و چواری دیکەش بریندار بوون.
باسنيوز
